"چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق مه‌ترسی راسته‌قینه‌ی له‌سه‌ره"
فه‌رمانده‌یه‌كی دژه تیرۆر باسی مه‌ترسییه‌كه و ئه‌ركی داهاتووی ده‌زگاكه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
عه‌بدولوه‌هاب ساعدی، یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی ده‌زگای دژه تیرۆری عیراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 30/8/2018 رایگه‌یاند: "مه‌ترسی راسته‌قینه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باكووری عێراق هه‌یه".
ساعدی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵوی توركیا باسی ئه‌ركی داهاتووی دژه تیرۆری كردووه‌و گوتوویه‌تی: "سه‌رنجی دژه تیرۆر بۆ قۆناخی داهاتوو له‌سه‌ر لایه‌نی هه‌واڵگریی ده‌بێت و بۆ به‌دواداچوونی ئامانجی دیاریكراو و ئاراسته‌كردنی گورزی به‌هێز له‌و ئامانجانه".
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی دژه تیرۆر ده‌ڵێت: "به‌هۆی هاتنی داعش و رووداوه‌كانی ساڵی 2014 و داگیركردنی شاره‌كانی عێراق، ناچار بووین بچینه به‌ره‌ی شه‌ڕ و ناو شاره‌كانه‌وه، به‌ڵام بۆ داهاتوو ده‌زگاكه وه‌ك هه‌واڵگری داده‌ڕێژرێته‌وه‌و ئه‌ركی ده‌ستگیركردن یان كوشتنی ئه‌وانه ده‌بێت كه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی".
ساعدی ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه له شه‌ڕه‌كانی دژی داعشدا ده‌زگای دژه تیرۆر كه‌متر له‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرا زیانی به‌ركه‌وتووه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ر زیانه گیانی و ماددییه‌كان ئاشكرا بكات. ته‌نها گوتوویه‌تی دژه تیرۆر "پاڵه‌وانی" زۆری له ده‌ستداوه.
ساعدی گوتوویه‌تی: "هێشتا شانه‌كانی داعش له ناوچه‌كانی رۆژئاوای پارێزگای كه‌ركووك و پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین بوونیان هه‌یه، جگه له‌وه‌ی شانه‌ی دیكه‌ی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه له زنجیره چیاكانی حه‌مرین له باكووری دیاله هه‌ن، هه‌روه‌ها له ناوچه بیابانییه‌كانی نێوان عێراق و سووریاش چالاكن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و ناوچانه‌ی نێوان هه‌ر سێ پارێزگاكه (سه‌ڵاحه‌ددین، كه‌ركووك، دیاله) به سێگۆشه‌ی مه‌رگ ناسراون، چونكه داعش له چه‌ند مانگی رابردوودا چه‌ندین هێرشی خوێناوی تێدا ئه‌نجامداوه و چه‌ندین ئامانجی سه‌ربازی و ئه‌منی پێكاوه، به‌تایبه‌تی له رێگای سه‌ره‌كی كه‌ركووك و به‌غدای پایته‌خت".
ساعدی گوتوویه‌تی: "ده‌زگای دژه تیرۆر پلانێكیان هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كان گه‌نجان وه‌ربگرن و ده‌رگای خۆبه‌خشی به‌گوێره‌ی مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تایبه‌ت به ده‌زگاكه بكه‌نه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بكات.