پارتی درووشمى خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن دیاریكرد

له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی به‌رده‌وامه‌

K24 - هه‌ولێر:

پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت، به‌رده‌وامه‌ و درووشمی خۆیشی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دیاریكرد.

هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رۆكی لیستی پارتی به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، درووشمی "بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز" دروشمی  لیستی 183ی پارتیە بۆ هەلبژاردنی 30ى ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ.

هێمن هه‌ورامی، سه‌رۆكی لیستی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردن، له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی درووشمه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: "بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز دروشمی لیستی ۱۸۳ ی پارتیە بۆ هەلبژاردنی ۳٠ ی ۹ ی ۲٠۱۸".

ئاماده‌كارییه‌كانی پارتی له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كان به‌ ناڕاسته‌وخۆ داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، هه‌رچی پارتییه‌ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و رایگه‌یاندووه‌ له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت.

حزب ولایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كێبڕكێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی ده‌كه‌ن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌  111 كورسییه‌، 11 كورسیش كۆتایه‌ بۆ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.