پۆلیسی هه‌ولێر: خه‌زوورێك زاواكه‌ی خۆی كوشت

كه‌سێكی دیكه‌ش برینداره‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، زاوا و خه‌زوورێك ده‌بێته‌ شه‌ڕیان و له‌ ئاكامیشدا خه‌زووره‌كه‌ زاواكه‌ی خۆی ده‌كوژێت.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پۆلیس، ئەمڕۆ ئێوارە له‌ رووداوێكی كوشتن‌ ئاگادار کراونەته‌وە لە چوارڕیانی کشتووکاڵی شاری هه‌ولێر و دوای گەیشتنی تیمه‌كانییان دەرکەوت، بە هۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، زاوا و خەزورێك لێیان بۆتە شەڕ و لە ئەنجامدا خەزوورەکە زاواکەی کوشتووە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌ کەسێکیش زامدار بووە کە لەو کاتەدا لەگەڵ کوژراوەکە بووە.

پۆلیسی هه‌ولێر راشیده‌گه‌یه‌نێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و کەسێکیش دەستگیر کراوە، تا ئێستاش لێکۆڵینەوە بەردەوامە و لەماوەی داهاتوو وردەکاری زیاتر بڵاو دەکەنەوە.

ا. م