سەرۆك بارزانی و یان كۆبیش دوا پێشھاتەكانی عێراق تاوتوێ دەكەن
ئەو واقعەی ئێستا بە زۆری چەك و داگیركاری دروست بووە چاوپۆشی لێناكرێ
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی، پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و دوا پێشھاتەكانی عێراق و پێكھێنانی حكوومەتی داھاتوویان تاوتوێكرد.
بەپێی راگەیەندراوی وێسایتی سەرۆك بارزانی، ئەمڕۆ یەكشەممە 2/9/2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان كۆبیش نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دواین هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت و یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق رۆڵی سەرۆك بارزانیی لە یەكلاییكردنەوەی هاوكێشەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەرزنرخاند و هاوكاتیش بۆچوون و نیگەرانییەكانی رێكخراوەی نەتەوەیە یەكگرتووەكانی لەمەڕ پڕۆسەی سیاسیی عێراقی دوای هەڵبژاردن بە سەرۆك بارزانی گەیاند و داوایشی كرد شەراكەتی راستەقینە بۆ هەموو پێكهاتەكان لە عێراقدا بێتە كایەوە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هێمای بەو هۆكارانە دا كە لە ماوەی ڕابردووە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی كێشەكان و پێشێلكردنی دەستوور و نەمانی شەراكەت لە عێراقدا. ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە پۆست و كەسەكان نییە، بەڵكو بەرنامە و مەنهەجی حوكمڕانی بایەخی هەیە كە پێویستە لەسەر بنەمای سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بێت.
سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ رێگەگرتن لە تاكڕۆیی و پەراوێزخستنی پێكهاتەكان پێویستە گەرەنتی و میكانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێكردن و پابەندبوون بە رێككەوتنەكان و سێ پڕەنسیپە سەرەكییەكە هەبێت.
پەیوەست بە كەركووك و ناوچەكانە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەرۆك بارزانی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی تری لە رێگەی جێبەجێكردنی دەستوور یان بەهۆی رێككەوتنێكی دوو لایەنە لەنێوان هەرێم و بەغدا بە ئەولەویەتی سەرەكیی لایەنە كوردستانییەكان و بە رێگەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو ناوچانەی لە قەڵەم دا و نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەوە ئاگادار كردەوە كە ئەو واقعەی ئێستا بە زۆری چەك و داگیركاری دروست بووە بە هیچ شێوەیەك چاوپۆشی لێناكرێ و قبووڵ ناكرێ و پێویستە ئەو واقعە نەمێنێت.
