پۆستێکی ئەنجیلینا جولی لەبارەی غەززە 1.7 ملیۆن لایکی تێپەڕاند
پۆستێکی خانمە ئەکتەری ئەمریکی و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، ئەنجیلینا جولی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، کە لەبارەی وێرانیی کەرتی غەززە بڵاویکردووەتەوە؛ لە رۆژێکدا زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار لایک و نزیکەی 53 هەزار کۆمێنتی تێپەڕاندووە.
پۆستی ئەو ئەو خانمە ئەکتەرە ئیسرائیلییەکانی تووڕە کردووە، چونکە بەراوردی ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە دەکەن لە نێوان ساڵانی 2022 و 2026دا. وێنەکان دەریانخستووە ئەو ناوچانە بەتەواوی خاپوور بوون و بوونەتە وێرانەیەک لە داروپەردوو.
ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە نووسیویەتی، "ئێستا دەتوانن گووگڵ ئێرس بکەنەوە و ببینن چی بەسەر غەززەدا هاتووە". ئاماژەی بەوەش داوە، گەڕەکەکان بوونەتە داروپەردوو، هەروەها ماڵ، قوتابخانە، زانکۆ، نەخۆشخانە، رێگەوبان و سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ، کە خەڵک بۆ مانەوە لە ژیان پشتیان پێدەبەست، زیانیان بەرکەوتووە یان بەتەواوی وێران بوون.

سەبارەت بە دۆخی مرۆیی ناوچەکە، ئەنجلینا جولی رایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، یەک ملیۆن و 980 هەزار کەس، کە دەکاتە سەدا 94ـی دانیشتووانی غەززە، پێویستیان بە پەناگە و پێداویستییە سەرەکییەکان هەیە.
ئەو چالاکوانە جەختی لەوەش کردەوە، راستە گووگڵ ئێرس وێرانکارییە فیزیکییەکان بە روونییەکی لەڕادەبەدەر نیشان دەدات، بەڵام ئەوەی ناتوانێت نیشانی بدات، ژیانی فەڵەستییەکانە لەنێو ئەو وێرانکارییەدا.
لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، جەنگێکی وێرانکەر لە کەرتی غەززە بەردەوامە و دوو رۆژی دیکە دەبێتە سێیەمین ساڵیادی شەڕەکە. بەهۆی هێرش و بۆردومانە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیلەوە، زۆرینەی کەرتەکە خاپوور بووە و قەیرانێکی مرۆیی گەورە دروستبووە.
ئەنجلینا جولی، کە پێشتر نوێنەری تایبەتی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بووە و یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە جیهانییەکان لە بواری کاری مرۆییدا، بەردەوام لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگ هەڵدەبڕێت بۆ داکۆکیکردن لە مافی قوربانیانی جەنگ و داوای گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکات.