لە سلێمانی بوو بە شەڕە تەقە
تۆمەتباران دەستگیرنەكراون
K24 - سلێمانی
شەوی رابردوو كۆمەڵێك چەكدار لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی لەگەڵ مەفرەزەیەكی ھێزەكانی پۆلیس، بوو بە شەڕە تەقەیان، بە گوێرەی زانیارییەكان تائێستا ئەو چەكدارانە دەستگیرنەكراون.
لە راگەیەندراوێكدا بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "شەوی رابردوو لەشەقامی سالم (سەھۆڵەکە)، ئۆتۆمبێلێك کە کۆمەڵێك چەکداری تێدابووە لەگەڵ مەفرەزەیەکی پۆلیسی ھاتووچۆ بووەتە شەڕیان، دواتر ھێزە تایبەتەکەی سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بەھانایەنەوە چوون و پاشان تۆمەتبارەکان ھەڵاتن".
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوە: "ھێزە تایبەتەکەی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی نەھێشتنی تاوان و پۆلیسی فریاکەوتن بەدوای تۆمەتبارەکانەوەن و شوێنی نیشتەجێبوونیان گەمارۆ داون و دەبێت خۆیان رادەست بکەن".
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە: "جگە لەوەی ھیچ زیانێکی گیانی لەروداوەکە نەکەوتەوە، لەھەمانکاتدا بەرێوەبەرایەتی پۆلسی پارێزگای سلێمانی دڵنیای دەداتە ھاووڵاتییان کە بەردەوام مەفرەزەکانیان ئەرکی خۆیان بەجێدەگەیەنن، بۆ دابینکردنی ھێمنی و ئارامیی شارو ئەو کەسانەش رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە کە یاسا پێشێل دەکەن و ئارامیی شار دەشێوێنن".
