مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەڵمانیا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

لە دیدارێکدا لە نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان کرایەوە و لایەنی ئەڵمانیش پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
 
ئه‌مڕۆ دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ دانيێل كرێبه‌ر باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق كرد. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانی ئەڵمانیا و هێزەکانی هاوپەیمانان دووپات کردەوە. باڵیۆزی ئەڵمانیا جەختی لە بەردەوامبوونی پشتگیریکردن و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە هەر لەیەکتێگەیشتنێکی دوولایەنە کە لە داهاتوودا لە نێوان ئەڵمانیا و عێراقدا واژۆ بکرێت. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.