تەقەكەرەكانی سلێمانی دەستگیركران
پۆلیس زانیاری دەخاتەڕوو
K24 - سلێمانی
ئەو دوو كەسەی شەوی رابردوو لە سلێمانی تەقەیان لە ھێزەكانی پۆلیس كرد ئەمڕۆ دەستگیركران.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی دوێنی شەو 2/9/2018 لەشەقامی سالم (سەھۆڵەكە) ئوتومبێلێك كە چەكداری تێدابوو لەگەڵ مەفرەزەیەكی پۆلیسی ھاتووچۆ بووە شەڕیان، دواتر ھێزە تایبەتەكەی سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بەھانایەنەوە چوون و تۆمەتبارەكان ھەڵاتن. دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەو تەوقكردنی شوێنی تۆمەتباران، لە ئێستادا ھێزە تایبەتەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هەردوو تۆمەتبارەكەی دەستبەسەر كردووە".
لە راگەیەندراوە ھاتووە: "پۆلسی پارێزگای سلێمانی دڵنیای دەداتە ھاووڵاتیان كە بەردەوام مەفرەزەكان ئەركی خۆیان بەجێدەگەیەنن بۆ دابینكردنی ھێمنی و ئارامیی شارو ئەو كەسانەش رووبەڕووی یاسا دەكەنەوە كە یاسا پێشێل دەكەن و ئارامیی شار دەشێوێنن".
ھ.م