یه‌كێتی ئافره‌تان كۆنگره‌ ده‌به‌ستێ

سه‌رۆك بارزانی ئاماده‌ی كۆنگره‌كه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 3/9/2018 لەشاری هەولێری پایتەخت، لە ژێرچاودێری و بە ئامادەبوونی سەرۆك مسعود بارزانی، كۆنگرەی هەشتەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەژێرناوی(نیشتمان) و بە دروشمی(تواناسازی ئافرەت جڤاكی پێشكەوتوو) بەڕێوەچوو.

پێش دەستپێكردنی كۆنگرە، سەرۆك بارزانی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی و كاری دەستی و كوردەواری كردەوە، كە گوزارشت بوون لە كاروچالاكییەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان.

دواتر ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان له‌ گوتارێكدا ئاماژەی بە پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بۆ كاری رێكخراوەیی و پرسەكانی ئافرەتان كرد و سوپاسی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی كرد و ئامانجی بەستنی كۆنگرە و خەباتی رێكخراوەیی لەپێناو دەستبەركردنی زیاتری مافەكانی ئافرەتانی كوردستان كرد.

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، رێكخراوەكەیان پشتیوانێكی بەردەوامی هەوڵە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی سەرۆك بارزانی دەبێت.

دواتر ساسان عەونی بەرپرسی دەستەی رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكیدا، ئاماژەی بەوەدا، بەستنی گۆنگرەی هەشتەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دوا بەرنامەی چاكسازی و پێداچوونەوەی كاری رێكخراوەییە كە سەرۆك بارزانی لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكاندا بڕیاری لەسەرداوە.

یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان ساڵی 1952 له‌سه‌ر داواكاری مسته‌فا بارزانی رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له‌ بارودۆخ و هه‌لومه‌رجێكی ناهه‌موواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دامه‌زرا و تا ئێستا حه‌وت كۆبوونه‌وه‌ی به‌ستووه‌.

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی ئاماده‌ی كۆنگره‌كه‌یه‌ و له‌ سه‌ره‌تادا به‌شداریی له‌ پێشانگایه‌كی تایبه‌ت به‌ مێژووی خه‌باتی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی مێژوودا و كاری ده‌ستی ئافره‌تان كرد.

بڕیاره‌ له‌م كۆنگره‌یه‌دا سكرتێر و ده‌سته‌یه‌كی نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان هه‌ڵبژێردرێن.