بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردرن دواده‌خرێت به‌ڵام هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت

پارتی: پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت

K24- هه‌ولێر:

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، گۆڕان داوای كردووه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك تا رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 11ی 9ی 2018 دوا بخرێت، به‌ڵام شاندی پارتی پێداگیری كردووه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی دیاریكراوی خۆی له‌ ڕۆژی 30-9- 2018 بكرێت.

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی بڕیاری دواخستنی بانگه‌شه‌ی نه‌داوه‌، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ بڕیاری دواخستنه‌كه‌ بدات.‌

ئه‌مرۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌، دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا هه‌ریه‌ك له‌ مه‌حموود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕش حاجی وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، زەمینە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبارە و هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی نییە. سەبارەت بە بەشداری کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق گوتی، بۆ بەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەرلایەنێک مەرجی تەوافق و هاوسەنگیمان لە حکومەتدا هەیە. ئاماژەی بەوەشدا، لە هەوڵی ئەوەداین لایەنەکانی دیکەی کوردستانی بێننە ناو پرۆژەکە، تاوەکو کورد بە یەک پڕۆژەی هاوبەش بچێتە بەغدا.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا شۆرش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتیكرده‌وه‌، دەبێت هەڵبژاردن ببێتە مایەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری و رەچاوی نیگەرانی خەڵک و باری بژێوی هاووڵاتییان بکرێت. گوتیشی، بەپێ زانیارییەکانمان تۆماری دەنگدەران پاکنەکراوەتەوە. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هەڵوێستی خۆمان بە پارتی راگەیاندووە و دوای وەڵامی حکومەتیش جفاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە و بڕیار لە بەشداریكردن یاخود بەشداری نەکردنی هەڵبژاردن دەدات.

H.B