يه‌كێتى: بڕيارى دواخستنى هه‌ڵبژاردن په‌سند ده‌كه‌ين

هه‌ڵوێستى يه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كان خراوه‌ته‌ڕوو

K24 – سلێمانى:

ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان كۆبوويه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ عێراق و هه‌ڵبژاردنى گشتيى له‌ هه‌رێمى كوردستان و قه‌يرانى دارايى تاوتوێكران.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، هه‌ڵوێستى يه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كان خراوه‌ته‌ڕوو.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ى كورد و كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هاتووه‌: "دوا وادەی دانیشتنی پەرلەمانی  عێراق (15/9/2018)يه‌، لە ئێستاوە هەتا ئەو كاتە، كات بە دەستی سەركردایەتی سیاسی كوردستانەوە هەیە، چاودێری سیاسەتی جیهانی‌، ناوچەیی‌ و ناوخۆیی عێراق بكات، زانیاری زیاتر كۆبكاتەوەو چاوەڕوان بین، وەڵامی رەسمی پرۆژە هاوبەشەكەی یەكێتی ‌و پارتی لەلایەن لایەنەكانی عێراقەوە بدرێتەوە، هەتا بزانرێ‌، چ لایەنێك، بە راستی ئامادەیە، كێشە ئابوری‌ و سیاسی‌ و دەستورییەكانی عێراق ‌و مافەكانی گەلی كوردستان، چارەسەركردنیان دەستەبەر بكات، بەمەش، بەرچاومان رون دەبێتەوە بۆ  دوابڕیاردان لەسەر ئەم پرسە چارەنوسازە.

له‌بارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق‌و رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان‌ و بەغداد له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بنەمای رێكەوتنمان بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان‌و پێكهێنانی حكومەتێكی پابەند بە دەستورو بنەمای شەراكەتی راستەقینە و دوور لە دەسەڵاتی تایفەگەریە".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستانیش، ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى رايگه‌ياندووه‌، "یەكێتی، بڕیارو سیاسەتی دیموكراسی ئەوەیە، هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و دوور لە گومان ‌و نیگەرانیيەكان، ئەنجامبدرێ‌. بۆ ئەنجامدانیشی، تەواوی ئامادەكاریيەكانی سازداوە".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "ئاشكراشە هەڵبژاردن بۆ حیزب ‌و لیستەكانە، ئەگەر زۆربەی لایەنە سیاسیيەكان، لەرێی كۆمسیۆنەوە، پەیامی رونی خۆیان بگەیەننە سەرۆكایەتی حكومەت ‌و بە رەسمی، حكومەت، پەیامەكە بگەیەنێتە پەرلەمان‌ و پەسەندی دواخستنی هەڵبژاردن بكرێ‌، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، پەسەندی دەكات".

له‌ باره‌ى كه‌ركووك و ناوچه‌ داگيركراوه‌كانى كوردستانيشه‌وه‌، يه‌كێتى رايگه‌ياندووه‌، پێويسته‌ "هێزی پێشمەرگە‌ و ئاسایش ‌و پۆلیسی كوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی ئیتحادی، بەرپرسیارێتی ئاسایشی ناوچە كێشە لەسەرەكانیان پێ‌ بسپێردرێت".

هه‌روه‌ها داوايكردووه‌، "ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە زووترین كات كۆببنەوە و ئەركە یاساییەكانی دوا هەڵبژاردن ئەنجامبدات".