حكوومەت و كۆمسیۆن دوا بڕیار له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن دەدەن

ژمارەی ئەو لایەنانە ئاشكرا دەبێت كە داوای دواخستنی بانگەشەی ھەڵبژاردنیان كردووە

K24 - ھەولێر

کوردستان24 ژمارەی ئەو لایەنانە ئاشکرا دەکات كه‌ دەنگیان بە دواخستنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن داوە، لە کۆی 9 ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن 5یان داوای دواخستنیان کردووه‌ و به‌م  نزیکانەش کۆمسیۆن و حکوومەت  لە بارەی ئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردنەوە کۆدەبنەوە.

گوتەبێژی کۆمسیۆنیش دەڵێت، ئەو لایەنانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن پەیوەندیی بە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنەوە نییە و هۆکارەکەی ترسە لە بەشداری رێژەی کەمی هاووڵاتییان. پەرلەمانتارێکیش ئەو پێشنیازانە ئاشکرا دەکات لە بەرامبەریاندا هەڵبژاردن دوا بخرێت.

لەو چەند رۆژەی لە بەرەدەم لایەنەکاندا ماوە چارەنووسی ئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردنی تێدا یەکلایی بکەنەوە.

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24 راگەیاند: "ھیوادارین تۆماری دەنگدەران نەكرێتە بیانوو بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، ھەرچەندە من ناتوانم بڵێم 100% تۆماری دەنگدەران پاكە، بەڵام بە ھەموو پێوەرێك تۆماری دەنگدەرانی كوردستان لە عێراق پاكترە و 250 ناو جیاوازی ھەیە، كە دەكاتە نزیكە 15 كورسی پەرلەمانی و زیاتر لە 8 مانگ كارلەسەر تۆماری دەنگدەران كراوە، ئەمانە كەم نین".

گوتیشی: "بۆ ھیچ كام لەو لایەنانە باسی تۆماری دەنگدەرانی عێراق ناكەن، بە بڕوای من داوای دواخستنی ھەڵبژاردن پەیوەندی بە رێژەیی بەشداری دەنگدەران و دوو دڵی قەوارە سیاسییەكان و ئاستی بەشداری دەنگدەرانیانە لە ھەڵبژاردن".

گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەگەیشتووەتە رێککەووتن و لایەنەکانی دابەشی چەند بەرەیەك کردووە. پەرلەمانتارێك پێشنیازەکان لە بەرامبەر دواخستنی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات، کە ئەوانیش گەڕانەوەی ئەو لایەنانەیە كە حکوومەتیان جێهێشتوە و کورد بە یەك پرۆژە بچێتە بەغدا.

حاجی کاروان، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 گوت: "تائێستا پێشنیارێكی كردەیی نییە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، پارتی تائێستا دەڵێت دەمانەوێت ھەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ئەگەر لە حاڵەتێكدا ھەموو لایەنەكان یەك رەئی بوون لەسەر دواخستنی ھەڵبژاردن، لەو كاتە نابێ حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئێمە بەجێ بھێڵن".

ھ.م