مافی مرۆڤ: پاشماوەی جەنگ مەترسی بۆ ژینگەی عێراق دروست کردووە
ناوەندیی ستراتیژیی مافی مرۆڤ لە عێراق هۆشدارییدا لە بەردەوامیی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ململانێ چەکدارییەکان لەسەر ژینگە، بەتایبەت ئەو پیسبوونەی بەهۆی پاشماوەی جەنگ، مین و ماددە کیمیاییەکانەوە دروست دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، ناوەندەکە جەختی کردەوە، شوێنەوارەکانی جەنگ بە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کۆتاییان نایەت، بەڵکو دەکرێت بۆ چەندین دەیە درێژە بکێشن و ژیانی دانیشتووان و مافی نەوەکانی داهاتوو بخەنە مەترسییەوە.
لە راپۆرتێکدا بە بۆنەی رۆژی نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی ژینگە لە جەنگ و ململانێ چەکدارییەکاندا، کە ساڵانە دەکەوێتە 6ـی تشرینی دووەم، ئەو ناوەندە روونیکردەوە، پاراستنی ژینگە لە کاتی ململانێکاندا پابەندبوونێکی یاسایی و مرۆییە. هاوکات تێکدانی سەرچاوە سروشتییەکان، پیسکردنی ئاو، خاک و هەوا و بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، شوێنەوارەکانی جەنگ لە رێگەی مینە زەمینییەکان، پاشماوەی جەنگ و ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکانەوە بەردەوام دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی وێرانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، دارستانەکان و سەرچاوەکانی ئاو.
هەروەها روونیکردەوە، یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، بەتایبەت پرۆتۆکۆلی زیادەی یەکەمی رێککەوتننامەکانی جنێڤی ساڵی 1977، ئەو شێواز و ئامرازانەی جەنگ قەدەغە دەکات کە مەبەست لێیان زیانگەیاندنە یان پێشبینی دەکرێت زیانی بەرفراوان، درێژخایەن و توند بە ژینگەی سروشتی بگەیەنن.
ناوەندەکە ئاشکراشی کرد، ئامارە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان قەبارەی ئەو ئاڵنگارییە ژینگەییانە دەردەخەن کە بەهۆی ململانێکانەوە دروست بوون. داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن، لانیکەم 40%ـی ململانێ ناوخۆییەکانی شەش دەیەی رابردوو پەیوەندییان بە بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانەوە هەبووە؛ ئەو ململانێیانەشی پەیوەندییان بەو سەرچاوانەوە هەیە، بەراورد بە ململانێکانی دیکە، ئەگەری دووبارەبوونەوەیان دوو هێندە زیاترە.
سەبارەت بە عێراق، بەپێی ئامارەکانی کانوونی دووەمی 2026ـی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS)، نزیکەی 2,583 کیلۆمەتر دووجا لە خاکی وڵاتەکە بە پاشماوەی جەنگ و تەقەمەنی پیس بووە. ئەم دۆخەش بووەتە هۆی سنووردارکردنی بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵی و نیشتەجێبوونەکان و ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
هاوکات بەپێی خەمڵاندنەکانی بانکی نێودەوڵەتی لە هەڵسەنگاندنی زیان و پێداویستییەکانی عێراق بۆ ساڵی 2017، زیانە بەرکەوتووەکانی سەرچاوە ژینگەییەکان بە نزیکەی 85 ملیار دیناری عێراقی خەمڵێندراون (کە دەکاتە نزیکەی 73 ملیۆن دۆلار). لە هەمان کاتدا زیانە کەرتەکییەکانی پەیوەست بە ململانێکان گەیشتوونەتە نزیکەی 3.5 تریلیۆن دینار، لەگەڵ ئەگەری لەناوچوونی تا 47%ـی دارستانە سروشتییەکانی وڵاتەکە.
ناوەندەکە داوای لە حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، یاسادانانی نیشتمانیی تایبەت بە پاراستنی ژینگە لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا بەهێز بکەن و پلانێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی بەرهەمهاتوو لە جەنگەکاندا دابنێن. هاوکات داوای خێراکردنی پرۆسەی پاککردنەوەی مین و پاشماوەی جەنگ، نۆژەنکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ناوچە زیانلێکەوتووەکان، لەگەڵ ئامادەکردنی راپۆرتی ژینگەیی و تەندروستی بۆ ئەو ناوچانە کرد کە رووبەڕووی بۆردومان یان پیسبوون بە ماددە مەترسیدارەکان بوونەتەوە.
لە کۆتاییشدا داوای بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان، بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییە ژینگەییەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانە بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی کرد، لەپاڵ خستنەناوەوەی پاراستنی ژینگە لەناو پلانەکانی ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و ئاوەدانکردنەوە.
ئەو ناوەندە جەختی کردەوە، ژینگە نابێت قوربانییەکی بێدەنگی جەنگەکان بێت و مافی دەستڕاگەیشتن بە ژینگەیەکی تەندروستیش، بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی مافی مرۆڤ.