لە بازگەی تاسلوجە بێڕێزی بە برای رامین پەناھی دەكرێت
رێگە نەدرا خەڵك بۆ بەشداریكردن لە گردبوونەوەی ئازادی بۆ رامین بێنە ھەولێر
K24 - ھەولێر
ئەمجەد حوسێن پەناھی برای رامین پەناھی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ لەكاتی ھاتنمان بۆ ھەولێر بە مەبەستی بەشداریكردن لە گردبوونەوەیەك بۆ ئازادی رامین لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، لە بازگەی تاسلوجەی سلێمانی رێگریمان لێكرا و بێڕێزیان پێكردین، تەنانەت بەرپرسی بازگەكەش بێڕێزی پێكردین".
گوتیشی: "چەندین پاس كە پڕبوون لە خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان و چالاكوانانی مەدەنی لە سلێمانییەوە دەیانویست بۆ بەشداریكردن لە گردبوونەوەكە بێنە ھەولێر، بەڵام لە بازگەی تاسلوجە رێگە نەدرا دەربازبن، لەكاتێكدا كە ھەموو رێكارە یاساییەكانمان گرتبووەبەر".
روونیشی كردەوە: "ماوەیەكە كۆماری ئیسلامی ئێران رامینی گواستووەتەوە زیندانی رەجایی شەھر لە شاری گەرەج، زیاتر لە 12 رۆژە رامین مانی لە خواردن گرتووە و دەیانەوێت لەوێ لە سێدارەی بدەن، بە گوێرە زانیاری چالاكوانانی رۆژھەڵاتی كوردستان و ئێران كە چاودێری كەیسی رامین دەكەن دەسەڵاتی ئێران دەیەوێت لە كات و ساتی نادیار لە سێدارەی بدەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "دوێنێ جارێكی دیكە رامین لە زیندان ئەشكەنجەدراوە و باری جەستەی ئەو زۆر خراپە و زۆربەی ئەندامانی جەستەی زامداربوونە".
راشیگەیاند: "تائێستا بەھۆی فشارە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەكان ئێران رامینی لە سێدارە نەداوە، ھەرچەندە ئێمە نیگەرانین لە دۆخی رامین، بەڵام لە ھەمانكاتدا دڵخۆشی بەو ھەموو پشیوانییەی لێدەكرێت، بەو ھیوای ئەو پشتیوانییە ببێتە رێگر بۆ لە سێدارەدانی رامین".
ھ.م