سەرۆك بارزانی و شاندێكی "مەشرووعی عەرەبی" پرسی پێكهینانی حكوومه‌تیان تاووتوێ كرد

باس له‌ دۆخی به‌سره‌ش كراوه

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌گه‌ڵ شاندێكی كوتله‌ی مه‌شرووعی عه‌ره‌بی، كه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، كۆبووه‌وه‌ و تێیدا هاوكێشەكانی پەیوەست بە دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراقی تاووتوێكرا.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌مڕۆ هەینی 7ـی 9ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خەمیس خەنجەر سەرۆكی كوتلەی عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جەمال كەربولی و ژمارەیەك لە سەركردە و نوێنەرە تازە هەڵبژێردراوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و گۆڕانكارییەكان لە هاوكێشەكانی پەیوەست بە دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراقی تاوتوێ كرا و جەختیش لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەت كرایەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ڕووداوەكانی شاری بەسڕا و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك و ئەوە دووپاتكرایەوە كە پێویستە بە زووترین كات داواكاری و مافەكانی خەڵكی شاری بەسڕا جێبەجێ بكرێت.

ا. م