كورد به‌ دوو پڕۆژه‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا

پڕۆژەیەك بۆ دیالۆگی نیشتمانی خراوەتەڕوو

K24 - سلێمانی

لایەنە ناڕازییەکان دەڵێن، ھەموو ھەوڵێکیان بە ئاراستەی دروستکردنی کۆدەنگی و یەکخستنی نێو ماڵی کوردە بۆ بەشداریكردن لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكەن، لە ئەگەری سەرنەگرتنی ئەو کۆدەنگیەش ئەوکات کورد بە دوو پاکێجەوە دەچێتە بەغدا.

لایەنە ناڕازییەکان له‌لایه‌ك و یەکێتی و پارتی پێکەوە، هه‌ردوولا بە جیا پڕۆژەیان بۆ چوونه‌وه‌ بەغدا ھەیە، ھەمووشیان کۆکن ئه‌گەر نێو ماڵی کورد تەبا نەبێت، جێبەجێکردنی داواكاری و پڕۆژه‌كانیان کارێکی ئاسان نابێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان چوار لایەنە ناڕازییەکە ئامادەییان نیشانداوە، کۆدەنگی لەنێوان خۆیان و یەکیتی و پارتی دروست بکەن و بۆ رۆژانی داھاتووش لەسەر ئەو کۆدەنگییە کۆدەبنەوە. ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیش پێی وایە، ئه‌گه‌ر کورد ھەر نەیتوانی نێوماڵی خۆی رێکبخات، ئەوکات لایەنەکان بە دوو پاکێجەوە بەشداری پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەن.

عوسمان کاروانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەمشیە ئێمە لەگەڵ ئەوەدابووین كە نێوماڵی كورد تەبا بێت، بەڵام تائێستا پارتە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بەرپرسن لەو ناتەباییەی كە لەنێوماڵی كورددا ھەیە. چوار لایەنەكە بە جیا و یەكێتی و پارتیش بە جیا پێكەوە دەچنە بەغدا".

کۆبوونەوەکانی ئەم دوایەی نێوان لایەنەکان ئومێدی بەخشیووەتە ھاووڵاتیانی کوردستان، ھاوپەیمانی دیموکراسیش پڕۆژەیەکی پیشکەش بە تەواوی لایەنەکان کردووە تا بەیەک گوتارەوە بڕۆنە بەغدا.

موئمین زەڵمی، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێت: "دەستپێشخەریمان راگەیاندووە و داوای دیالۆگی نیشتمانیمان كردووە، ئەو دیالۆگە كاركردنە بە ئاراستەی یەكخستنی ھەوڵەكان، بۆ ئەوەی پێكەوە بچینە نێو دانووستانەكان لە بەغدا".

ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان چەند ساڵێکە زیانێکی زۆری بە کورد گەیاندووه‌، به‌رده‌وامبوونی ململانێكانیش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی تاک بەتاکی كۆمەڵگە دروستکردووه‌، بۆیە لایەنەکان رابردوویان لەپێش چاوە ماوە و ئەیانەوێت ئەمجارە کۆدەنگبن بە مەبەستی گەیشتن بە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.

ھ.م