پارتی و یەكێتی بەشداریكردن لە حكوومەتی عێراق یەكلا دەكەنەوە
گفتوگۆ لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی گفتوگۆكان لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و چۆنیەتی بەشداری كورد لەو حكوومەتە كۆببنەوە.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە ھەولێر كۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێكردنی كابینەی داھاتووی حكوومەتی عێراق و چۆنیەتی بەشداریكردنی كورد لەو كابینەیە.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، پارتی و یەكێتی ئەمڕۆ خۆیان یەكلایی دەكەنەوە، ئاخۆ دەچنە نێو كام ھاوپەیمانێتی و كام ھاوپەیمانێتی شیعەكان داواكارییەكانی كورد جێبەجێ دەكات. جگە لەوەش ھەوڵەكانی كۆدەنگی كورد بۆ بەغدا تاوتوێ دەكەن.
بە گوێرەی زانیارییەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، كە بڕیارە 30 ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
ھ.م