تورکیا 102 "کودەتاچی" دیکە دەستگیردەکات

تاکو ئێستا 77 هەزار کەس دەستگیرکراون

K24 – هه‌ولێر:

تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 102 "تۆمەتبار" کە پەیوەندییان بە "کودەتاکەی" ساڵی 2016ـی تورکیاوە هەیە دەرکردووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ئەو 102 کەسە کە چەند ئەفسەرێکی سەربازییان تێدایە، تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوەکانی فەتحوڵا گیولەنیشیان دراوەتە پاڵ.

لایخۆیەوە ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاشکرایکردووە، 56 لەو 102 کەسە تاکو ئێستا دەستگیرکراون.

هەندێک لەو "تۆمەتبارانە"، بەرپرسیارەتی جیاوازی سەربازییان هەیە کە پێکهاتوون لە  13 ئەفسەری باڵای، 71 سەرباز و 18 ئەندامی نهێنی بزووتنەوەکەی گیولەن.

تاکو ئێستا، بەتۆمەتی بەشداری لە "کودەتاکەی" ساڵی 2016ـی تورکیا، 77 هەزار کەس لە تورکیا دەستگیرکراون و 130 هەزاری دیکەش لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

پێشتریش فەتحوڵا گیولەن رەتیکردبوەوە کە دەستی هەبووبێت لە کودەتاکەی دژ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان

H.J