ناسنامه‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران ئاشكرا كرا

رۆژی شه‌ممه‌ ده‌نگ به‌ كاندیدی نوێی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران ده‌درێت

K24- هه‌ولێر:

سكای پرێس بڵاویكرده‌وه‌، كوتله‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنێكی نیمچه‌ كۆتایی له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی ناوی كاندیدی نوێ بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران و، بڕیاره‌ له‌ دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر بدات.

ئه‌و سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌ عێراقییه‌ بڵاویكرده‌وه،‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌شدار له‌ دانوستانه‌كانی نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كان ئاشكرایانكردووه‌، ناوی هه‌ره‌ په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن كوتله‌كانه‌وه‌، كه‌ چانسی له‌پێشینه‌ی هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، پسپۆڕێكی بواری ئابووری و سیاسییه‌ به‌ناوی "مازن ئه‌شیقه‌ر" و له‌ دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌ماندا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت‌.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ دووپاتیانكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌شیقه‌ر تائێستا ره‌زامه‌ندی هه‌ریه‌ك له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح، سائیرون، بڕیار "قرار"، وه‌ته‌نییه‌ و حیكمه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و چاوه‌ڕێی به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی كوتله‌كانی دیكه‌یه‌.

جێگای ئاماژه‌پێدانه‌، ئه‌مڕۆ كوتله‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن، ناوی 8 كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران پێشكه‌ش بكرێت، بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌نگدان بخرێنه‌ ركابه‌رییه‌وه‌.

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ له‌ عێراق ئاشكرایكرد، عه‌لی سیستانی نه‌پشتگیری عه‌بادی و نه‌ مالیكیش ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گوتیشی، "زۆرینه‌ی گه‌ل هیچ ئومێدێكیان به‌و دوو كه‌سه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ دۆخی ژیان باشتر بكه‌ن و رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌".

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌ ئه‌مرۆ له‌ سایتی فه‌رمی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌وه‌ ده‌ركراوه‌، "كه‌سێكی دیكه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، كه‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌ستپاكی، كارامه‌یی، بوێری و كۆنترۆڵكردنی تێدایه‌، ده‌توانێت گوێ له‌ داواكاری و ئامۆژگارییه‌كانی گه‌لیش بگرێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات له‌به‌رچاو بگرێت", به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری له‌باره‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ ئاشكرا بكات.

H.B