بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستیپێكرد
لایەنە سیاسییەکان شێوازی بانگەشەیان دەگۆڕن
K24 - ھەولێر
به فهرمی بانگهشهی ههڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دهستیپێكرد و لایەنە سیاسییەکانیش شێوازی بانگەشەیان دەگۆڕن و قەیرانی دارایی و بارودۆخی سیاسیی هۆکاری گۆڕانکارییە لە جۆری بانگەشەکانیان.
خاوەنی چاپخانەیەك ئاشکرای دەکات خەرجی هەر کاندیدێك بۆ پۆستەرەکانی لە 20 هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات.
لە دوای كاتژمێر 12 شەوی رابردووەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە و زۆر لە كاندیدەكان پۆستەرەكانیان لە شەقام و شوێنە گشتیەكان ھەڵواسیووە و 28ی ئەم مانگە وادەی بانگەشەكردنی لیست و كاندیدەكان کۆتایی دێت.
چاپخانەکان جمەیان دێت لە چاپکردنی پۆستەرو وێنەی کاندیدان. دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنیش کێشەی بۆ کاندید و چاپخانەکان دروستکردبوو، خەرجی چاپکردنی پۆستەرو وێنە و دروشمی کاندیدەکان لە کادیدێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە. خاوەن چاپخانەیەك ئاشکرای دەکات چاپکردنی پۆستەرو وێنەکان و دروشمەکان، دەبێت تەشهیر نەبن و دژی پرسە نیشتمانییەکان نەبن.
لایەنە سیاسییەکان ئامادەکارییەکانیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تەواوکردووە، لە یەکەم ساتی دەسپێکردنی بانگەشەوە شەقامەکان دادەپۆشن، هەر لایەنێك بە پلانی تایبەتی خۆی بانگەشە دەکات، بەڵام جیاواز لە ساڵانی رابردوو لایەنەکان روو لە تۆڕە کۆمەڵاتی و کەمپین و سەردانی کاندیدان بۆ لای هاووڵاتییان دەبێت.
لیستی بەرەو ئیسلاح ئامادەی دەسپێکردنی بانگەشە یە و شێوازی بانگەشەی گۆڕانکاری تێدا دەکات. هێمن ئەسکەندەر، کارگێری دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو بە كوردستان24 گوت: "لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەتوانرێت بانگەشەی پاك بكەین و دەنگیش بە ھەموو دەنگدەران بگات، ھەروەھا كەمپین دەكرێن و دەزگا راگەیاندنەكانیش دەخرێنە خزمەت ھەڵبژاردن، بەڵام بە بڕوای من ئاھەنگ و رێوڕەسم كەمتر دەكرێت".
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کۆمەڵێك رێنمایی بۆ دەستپێکردنی بانگەشە دیاریکردووە بە تایبەت کەژاوەی ئۆتۆمبیل و بەکارهێنانی مزگەوت و کەنیسەکان و دامەزراوەکانی حکوومەت قەدەخەیە. بەپێ رێنمایەکانی کۆمسیۆن تەشهیرو ناوزڕاندنیش قەدەخەیە و هەر لایەنێك پابەند نەبێت سزا دەدرێت.
ئارام نەجمەدین، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی بە كوردستان24 راگەیاند: "بانگەشەكردن لە ھەموو شەقامە گشتییەكان رێگە پێدراوە، بەڵام بە مەرجێك نەبێتە ھۆی رێگری كردن لە خەڵك و ھاووڵاتییان بێزار نەكرێن".
ھ.م