هۆکار و چارەسەری دڵەکزێ بزانە

لەم حاڵەتە دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت

K24 – هه‌ولێر:

رەنگە چەند جارێک هەستت بە دڵەکزێ و کێشەی ترشەڵۆکی گەدە کردبێت کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازار و سوتانەوە لە سینگدا، هەندێک جاریش کار دەکاتە دەمی مرۆڤ و شلەیەکی ترش یان تاڵ دروست دەکات.

بەشێوەیەکی گشتی ئازارەکە دوای نان خواردن و راکشان زیاتر دەبێت، بەڵام دەکرێت ئەم جۆرە گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە چارەسەربکرێت.

دڵەکزێ چییە؟

سوتانەوەی سینگە بەهۆی ترشەلۆکی گەدە یاخود کاتێک گەدە هەندێک لە ماددەکانی ناوی بۆ سەرەوە دەگەڕێنێتەوە، ئەم حاڵەتەش روودەدات کاتێک دەرگای سورێنچک لاواز دەبێت یان بە نائاسایی پشوودەدات.

هۆکار و چارەسەری دڵەکزێ

تاکە شتێک نییە کە ببێتە هۆکاری دڵەکزێ، بەڵکو خواردن و خواردنەوەی جیاواز و شێوازی ژیانت ئەو حاڵەتە دروست دەکەن.

خواردن و خواردنەوەکانی وەک قاوە، کحول، چۆکلێت، چەوری و خواردنی تیژ دەبنە هۆی دڵەکزێ، جیا لەوانەش، جگەرەکێشان، دڵەڕاوکێ، ترس، زۆری کێش و دووگیانی دەکرێت هەمان حاڵەت دروستبکەن.

ئەگەر زیاد لە دووجار لە هەفتەیەکدا دووچاری دڵەکزێ دەبیت، ئەوا دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت، دەنا ئەم هەنگاوانە بنێ بۆ چارەسەکردنی.

شێوازی ژیانت بگۆڕە و ئەو خۆراکانە مەخۆ کە دەبنە هۆی دڵەکزە، هەروەها بڕێکی کەم خواردن بخۆ لە ژەمەکانی رۆژانەت. هەوڵیشبدە، سێ بۆ چوار کاتژمێر پاش نانخواردن پاڵمەکەوە.

جل و بەرگی تەسک لەبەرمەکە و با سەرینەکەت کەمێک بەرزبێت.

جیا لەم هەنگاوانە دەتوانی چەند دەرمانێکی وەک Antacids , H-2-receptor بەکار بهێنیت.

سەرچاوە: ئیندیپێندت

 

H.J