رووسیا هێزی خۆی نیشانی جیهان ده‌دات
رووسیا گه‌وره‌ترین مانۆڕی سه‌ربازی ده‌ستپێكرد
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 11/9/2018 وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند: "گه‌وره‌ترین مانووری سه‌ربازی به‌ناوی مانۆڕی (رۆژهه‌ڵات - 2018) كه به گه‌وره‌ترین مانۆڕ داده‌نرێت له مێژووی نوێی سوپای رووسیادا له 37 ساڵی رابردوودا به سه‌رپه‌رشتی سێرگی شۆیگۆ وه‌زیری به‌رگری ده‌ستیپێكرد".
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی خۆیه‌وه ڤیدیۆی ده‌ستپێكردنی مانۆڕه‌كه‌ی له‌وپه‌ڕی رۆژهه‌ڵاتی رووسیا بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ده‌یان هه‌زارسه‌رباز و كه‌رتی سه‌ربازی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی تێدا به‌كارده‌هێنرێت".
له ڤیدیۆكه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری تانك و فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر و كه‌شتی جه‌نگی و سیستمی به‌رگری ئاسمانی ده‌بینرێن كه له مانۆڕه‌كه‌دا به‌كارده‌هێنرێن.
پێشبینی ده‌كرێت مانۆڕه گه‌وره‌كه له ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌وه تا ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام بێت و 297 هه‌زار سه‌رباز و 1000 فڕۆكه‌ی جه‌نگی و 36 هه‌زار كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی جۆراوجۆر و 80 كه‌رتی سه‌ربازی ده‌ریاوانی به‌شداریی تێدا بكه‌ن.
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیادا ئاماژه به‌وه‌كراوه "له مانۆڕی (رۆژهه‌ڵات - 2018) زیاتر له 6 هه‌زار سه‌رباز به سێ پیكهاته و دوو یه‌كه‌ی سه‌ربازی له ده‌ره‌وه‌ی هێزی په‌ڕه‌شوتوانی به‌شدارن".
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ده‌ڵێت: "ئه‌و پێكهاتانه له ئاسمانه‌وه به‌شداریی له پرۆسه‌ی چاودێركردن ده‌كه‌ن له‌و ناوچانه‌ی پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی تێدا به‌رێوه‌ده‌چێت. جگه له‌وه‌ش 10 پێكهاته‌ی دیكه‌ی فڕۆكه‌وانی وه‌ك (ئایرۆن - 3 و ئایرۆن - 10) له یه‌كه‌كانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان سه‌ر به هێزی په‌ڕه‌شوتوانی به‌گه‌ڕده‌خرێن".