دروشم و وێنەی بانگەشە شەقامەكان دادەپۆشن
لایهنهكان به دروشمی جیاواز بانگهشه دهكهن
K24 - ھەولێر
لایەنە سیاسییەکان کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە چەند وشەیهكدا چڕدەکەنەوە و دەیکەنە دروشمی سەرەکیان بۆ هەڵبژاردن، کاندیدانیشیان دەڵێن، لەو چوارچێوەیەدا بانگەشە دەکەن.
شەقامەکان بە دروشم و وێنەی کاندیدەکان دادەپۆشرێت، هەر لایەنەوە بە کارنامەکەی هەوڵدەدات زۆرترین دەنگ بۆ خۆی كۆبكاتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵمەتێکی بانگەشەی چڕی دەستپێکردووە دروشمی سەرەکی پارتی بنیات نانی کوردستانێکی بەهێزە.
زانا مەلاخالید، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ھەموو ھەنگاوەكانی پارتی بۆ ئەوەبووە كە كوردستان، كوردستانێكی بەھێزبێت، گەلی كوردستان خاوەن كیان و وڵاتی سەربەخۆی خۆی بێت، بەڵام بەداخەوە لە خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر ویستایان لەمپەر لەبەردەم سەربەخۆیی كوردستان دروست بكەن، ھەوڵیاندا ئەو كوردستانە بەھێزە بە كوردستانێكی لاواز بنیات بنێن، بۆیە پارتی بە دروشمی كوردستانێكی بەھێز بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات".
بزووتنەوەی گۆڕان ساردیەك لە بانگەشەی هەڵبژاردنیدا هەیە و زیاتر مەکۆی نیلی پۆشکردووە دروشمی سەرەکی گۆڕان بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەرێمێکی دادپەروەر و خزمەتگوزارە.
کاروان هاشم، کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ئێمە پێیانوایە كێشەی ھەرێمی كوردستان حوكمڕانیە، بۆیە دروشمی سەرەكیمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕینی سیستمی حوكمڕانییە لە ھەرێمی كوردستان، خاڵی دووەم ئەوەیە ئەو وڵاتە داھاتێكی زۆری ھەیە، بەڵام دادپەروەرانە نەخراوەتە خزمەتی خەڵك، دەمانەوێت سەروەت و سامانی كوردستان دادپەروەرانە بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان دابەش بكرێت".
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەشێك لە حزبەکان هاوپەیمانیان پێکهێناوە لەوانەش یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی هاوپەیمانیەتیەکەیان بە ناوی بەرەو ئیسلاحە و دروشمی بانگەشەشین بە ناوی هاوپەیمانیەتیەکەیانە مەبەستیانە چاکسازی گشتی بکەن و گەندەڵکاران سزا بدەن.
عەبدوڵڵا وەرتی، کاندیدی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: "ئێمە پێمانوایە سیستمی سیاسی و حوكمڕانی لە ھەرێمی كوردستان پێویستی بە راستكردنەوە و چاكسازی ھەیە".
کۆمەڵی ئیسلامی جیاواز لە حزبە هاوپەیمانەکانی بە دەنگێکی بەرزتر لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو دروشمی ئەو حزبە بۆ هەڵبژاردن کۆڵ نەدان و بەردەوامیە. شوکریە شێخانی، کاندیدی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوە دەخاتەڕوو: "ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتی مەدەنی خاوەن مەبدە و بیروباوەڕی خۆمانین و لەسەر بەڵێنەكانمان بەردەوام دەبین".
ھ.م