ھاوپەیمانی بەدەم بانگێشتەكەی پارتی و یەكێتییەوە دەچێت

لایەنە ناڕازییەكانی دیكە بێدەنگیان ھەڵبژاردووە

K24 - سلێمانی

دوای راگەیەندراوە ھاوبەشەکەی پارتی و یەكێتی بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی لایەنەکان سەبارەت بە یەکھەڵوێستی و رێکسختنی نێوماڵی کورد بۆ چوونە بەغدا، جگە لە ھاوپەیمانی کە ئامادەیی دانیشتنە، لایەنە ناڕازییەكانی دیكە لەكاتی بانگەشە خۆیان دوور دەگرن لە دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی و پارتی تا دوای ھەڵبژاردن.

بەڵام جگە لە ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، سێ لایەنە ناڕازیەکەی دیکە ئامادەیی ھیچ دانیشتن و گفتوگۆیەکیان لەگەڵ ئەو دوو حزبە نیشاندەداوە، چونکە بەوتەی خۆیان ئەو دەستپێشخەریە دەبووایە زووتر ئەنجام بدرایە.

رۆژی 10ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە راگەیەندراوێكی ھاوبەشدا بانگێشتی ھەموو لایەنەكانی دیكەی كوردستانیان كرد بۆ كۆبوونەوەی ھاوبەش، بەڵام جگە لە ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، سێ لایەنە ناڕازیەکەی دیکە ئامادەیی ھیچ دانیشتن و گفتوگۆیەکیان لەگەڵ ئەو دوو حزبە نیشاندەداوە، چونکە بە گوتەی خۆیان ئەو دەستپێشخەریە دەبووایە زووتر ئەنجام بدرا بووایە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لایەنە ناڕازییەکان تا دوای بانگەشەی ھەڵبژاردن نایانەوێت بەشداری ھیچ کۆبوونەوەیەك بکەن، چونکە ترسیان لەوە ھەیە کاریگەری ھەبێت لەسەر بۆچوونە سیاسییەکانیان.

فاروق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە یەكێكین لەو لایەنانەی ھەمووكات لەگەڵ یەكبوونی ناوماڵی كوردین، داكۆكیمان لەوە كردووە دەبێ پێش ھەر ھەنگاوێك بۆ دەرەوە نێوماڵی كورد رێكبخرێت، بەڵام بەرژەوەندییەكە بۆ دوو لایەنی سیاسی نەبێت".

ھەر پەیوەست بەو پرسە شیروان ئیبراھیم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "یەكڕیزی بەوە ناكرێت ھەموومان پێكەوە بچینەوە بەغدا، وەك بزووتنەوەی گۆڕان گرنگترین شت ئەوەیە بەلای ئێمەوە كە لە بەغدا چی دەكەین بۆ ھاووڵاتییانی كوردستان".

ھاوپەیمانی وەك تاکە لایەنی ناڕازی بڕوای وایە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، تەنھا بەیەکڕیزی و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان سەرکەوتوودەبێت، ھەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەرگایان واڵاکردووە بۆ دەسپێکردنی ھەر دانیشتن و گفتوگۆیەكی نێوان لایەنەکان.

فرمێسك عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەوەری بە كوردستان24 گوت: "ئێمە پێمانوایە ئەوەی یەكێتی و پارتی وەك یاداشتێك بڵاویان كردەوە، بۆ كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی لەگەڵ لایەنەكان، چونكە ئەوەی لەو قۆناخەدا گرنگە بۆ كورد یەكڕیزییە بۆ بەدەستھێنانی مەفەكانی گەلی كورد، كە پێویستە دیالۆگی نیشتمانی ھەبێت و كێشە و ناكۆكییەكان بخرێتەوە لاوە".

ھ.م