"رووسیا و توركیا رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه"
توركیا ھێزی زیاتر ره‌وانه‌ی سووریا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی Nizavismaya رووسی نوسیوویه‌تی: "له كاتێكدا هێزه‌كانی رژێمی سووریا ئاماده‌سازیی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئیدلب ده‌كه‌ن، یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی توركیاش له ناوچه‌كه خۆیان بۆ خراپترین ئه‌گه‌ر ئاماده‌كردووه، ئه‌و سه‌ردانه‌ی به‌م دوواییانه‌ش یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆ ئیدلب ئه‌نجامیاندا وه‌ك هۆشداریی ئه‌نقه‌ره بووه بۆ رژێمی سووریا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی له ئیدلب نزیك نه‌بنه‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا زۆرێك له شاره‌زایان پێشبینی ده‌كه‌ن له كاتی هێرشكردنه سه‌ر ئیدلب رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نوێ له‌نێوان توركیا و رووسیا رووبدات وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی 2015 له نێوانیاندا روویدا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، نزیكه‌ی 30 هه‌زار سه‌ربازی توركی ئێستا به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه جووڵاوون كه توركیا له‌چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی (قه‌ڵخانی فورات) و (چڵه زه‌یتوون) داگیریكردن. 10 هه‌زار له‌و سه‌ربازانه له 12 خاڵی سه‌ربازی ئیدلب دا خه‌نده‌قیان لێداوه و 20 هه‌زار سه‌ربازه‌كه‌ی دیكه‌ش له قۆناخی گواستنهوهدان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌و ناوچانه‌دا".
به‌گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كان، له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا هێزه‌كانی توركیا سه‌رله‌نوێ مووشه‌كه كاریگه‌ر و تانك و زرێپۆشه‌كانیان له ناوچه‌كه‌دا بڵاوه‌پێكردووه".
ئه‌حمه‌د نووره‌دین نووسه‌ر و رۆژنامه‌وانی تورك گوتوویه‌تی: "بڵاوه‌پێكردنی سه‌رباز و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی له ناوچه سنوورییه‌كانی سووریا، ئاماژه‌ی پلانێكه كه ئه‌گه‌ری جێبه‌جێبوونی هه‌یه و یه‌كێك له‌وانه‌ش ئۆپراسیۆنی سه‌ربازییه. جووڵه‌ی سوپای توركیا له سنوور ناكرێت به‌ده‌ر له قسه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت كه گوتبووی: "توركیا ده‌سته‌وه‌ستان دانانیشێت و ته‌ماشای رووداوه‌كان بكات له ناوچه‌كه‌دا".
رۆژنامه‌ی Nizavismaya رووسی ده‌ڵێت: "لوتكه‌كه‌ی تاران كه له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی ئێران و رووسیا و توركیا به‌ڕێوه‌چوو نه‌یتوانیووه سه‌رجه‌م ناكۆكییه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه.
كیریل سیمینۆڤ، شاره‌زا له ئه‌نجوومه‌نی رووسی بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆ هه‌میشه له‌و كاتانه‌دا زیاد ده‌بێت كه تاران و مۆسكۆ و دیمه‌شق پێكه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنێك كۆك ده‌بن به‌رامبه‌ر پارێزگای ئیدلب".
سیمینۆڤ به رۆژنامه رووسییه‌كه‌ی گوتووه: "توركیا سه‌رجه‌م رێوشوێنێك بۆ رێگه‌گرتن له هێرشی رژێمی سووریا و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌گرێته‌به‌ر، به‌تایبه‌تی كه ده‌بینێت هێرشه‌كان ده‌گه‌نه ناوچه‌كانی ناوه‌ندی چاودێریی توركیا كه به درێژایی ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژی دایناوون بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له هه‌ر هێرشێكی سوپای سووریا بۆ سه‌ر ناوچه‌كه بگرێت".
له هه‌وڵێكدا بۆ دوورحستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌ربازه‌كانی له‌و ناوچانه‌دا، توركیا ئاماده‌سازی زیاتری كردووه له پارێزگای ئیدلب، به‌ڵام ئه‌گه‌ر توركیا په‌نا بۆ هێزی ئاسمانی ببات ده‌توانێت سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڵام ئه‌وكاته ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆ دێته ئاراوه وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی 2015 روویدا و فڕۆكه‌یه‌كی سو-24ـی رووسی له‌لایه‌ن سه‌ربازانی توركیاوه خرایه خواره‌وه".
به‌ڵام ئه‌و شاره‌زا رووسییه ده‌ڵێت: "رووسیا ناخوازێت ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌و ده‌یه‌وێت به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كان و رێكخستنی ئۆپراسیۆنه‌كان له ئه‌ستۆی خۆی بگرێت و فشاریش له دیمه‌شق بكات به‌و پلانه به‌رێوه‌ی ببه‌ن كه رووسیا ده‌یه‌وێت. به‌ڵام ئه‌نقه‌ره هه‌ر ده‌ترسێت و پێشوه‌خته هۆشداری له هێرشی سه‌ر ئیدلب داوه.