"به‌سره له لێواری شه‌ڕی ناوخۆدایه"
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی مه‌ترسییه‌كه ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی، گرژییه‌كانی پارێزگای به‌سره له داهاتوودا زیاتر ده‌بێت و ده‌گۆڕێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری له‌نێوان میلیشیا چه‌كداره‌كان و هۆزه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كاندا.
رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی نوسیوویه‌تی: "ئه‌وه‌ی ره‌وشی به‌سره خراپتر ده‌كات، ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌و میلیشیا ناسراوانه‌ی عێراق له كاتی هێرشكردنه سه‌ر باره‌گاكانیان و له‌و رێگه‌یه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سعوودیه‌یان به ئاراسته‌كردنی خۆپیشانده‌ران تۆمه‌تبار كرد.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، میلیشیا چه‌كداره‌كان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كان، ئاماده‌ییان ده‌ربڕیووه هێز له شه‌قامه‌كانی به‌سره بڵاوبكه‌نه‌وه‌و و توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كاربهێنن و سه‌ركوتیان بكه‌ن.
له به‌رامبه‌ردا هۆزه به‌هێزه‌كانی پارێزگای به‌سه‌ره هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن بۆ به‌رگریكردن له خۆپیشانده‌ران چهكههڵدهگرن، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌هێز مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا كرا.
رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه ده‌ڵێت "ئێستا هێزه ئه‌منییه‌كان دووچاری كێشه بوونه‌ته‌وه‌و ئه‌گه‌ر به‌توندی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بكه‌ن، ده‌بێته هۆی ئیستیفزازكردنی هۆزه‌كان و ئه‌گه‌ری هه‌یه به چه‌ك رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه، چونكه ئه‌و هۆزانه خاوه‌ن چه‌كی جۆراوجۆر، ته‌نانه‌ت هاوه‌ن و ئاڕ بی جی و چه‌كی ئۆتۆماتیكیین و جۆره‌ها چه‌كی دیكه‌یان له ده‌سته، هه‌یانه توانای تێكشكاندنی ئۆتۆمبێله گوللـهنهبڕهكانیشی هه‌یه".
به‌گوێره‌ی دوایین زانیارییه‌كان له‌باره‌ی ره‌وشی مه‌یدانی پارێزگاكهیشهوه، هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق هه‌ڵمه‌تێكی چڕیان بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و چالاكوانانه ده‌ستپێكردووه كه خۆپیشاندانه‌كان هه‌ڵده‌سورێنن.
ماوه‌ی دوو مانگه ره‌وشی به‌سره به‌هۆی نه‌بوونی ئاو و كاره‌با و ده‌رفه‌تی كار و داڕووخانی ژێرخانی خزمه‌تگوزارییه‌وه، تێكچووه‌و به‌رده‌وام دژی ده‌سه‌ڵاتداران خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌درێت.
ته‌نانه‌ت هه‌ینی رابردوو ژماره‌یه‌ك باره‌گای گرووپ و میلیشیا و حزبه‌كانی نزیك له ئێران و كونسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته له پارێزگاكه له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه سووتێنراو ھێزه ئه‌منییه‌كانیش 13 خۆپیشانده‌ریان كوشت و ده‌یان كه‌سی دیكه‌یان بریندار كرد.