حەشد لە خورماتوو یەخەی كورد بەرنادات
حەشدی شەعبی ھێمای ئاگاداركردنەوە لەسەر دەرگای ھاووڵاتییانی كورد دەنووسێت
K24 - گەرمیان
ئەوخێزانە ئاوارانەی دووز خورماتوو کە ماوەیەکە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان کەوتوونەتە بەرھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و لەسەر دەرگای ماڵەکانیان ھێمای ئاگادار کردنەوە دەنووسرێت بۆئەوەی ماڵەکانیان جێ بھێڵین، ئەگەرنا ئەوە دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن.
گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی جارێكی دیكە ھەڕەشە لەو خێزانە كوردانە دەكەن كە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، دیمەنی سەر ئەم دەرگایانە کە ماڵی ھاووڵاتییانی کوردی خورماتووی تێدایە، بە قسەی گوتەبێژی پێشووی قایمقامیەتی خورماتوو ئەم ھێمای ئاگادار کردنەوەیە بۆ ئەوەیە ھاووڵاتیانی كورد ماڵەکانیان جێبھێڵ ئەگەرنا دەبنە ئامانجی گروپە چەکدارەکان.
محەمەد فایەق، گوتەبێژی پێشووی قایمقامیەتی خورماتوو بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەندێك گرووپی چەكداری شیعە كە پێشتریش دەستیان ھەبوو لە نانەوەی ئاژاوە لە خورماتوو، ئێستا جارێكی دیكە دەستیان بە كردووە بە ھەڕەشەكردن لە ماڵە كوردەكان، بەتایبەتی ئەو ماڵە كوردانەی كە ھاوسنوورن لەگەڵ گەڕەكە توركمانەكان، بە شەوان ھێمای ئاگاداركردنەوە لەسەر دەرگاكان دەنووسن بۆ ئەوەی ماڵەكانیان چۆڵ بكەن، دەیانەوێت جارێكی دیكە لە خوماتوو كێشە دروست بكەن و كوردەكان ئاوارەببنەوە".
ئەگەرچی بە سەدان خێزان لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لە خورماتوو ھەڵاتوون لە ژیانی ئاوەرەیدا دەژین و دەڵێن، سەرباری خراپی ژیان و گوزەرانمان لە ئاوارەیدا تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە خورماتوو ئامادەنین بگەڕێنەوە، چونکە ژیانیان پارێزراو نابێت.
فازڵ رەشید، خەڵكی خورماتووە و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆی ئاوارەبووە ئەو دەڵێت: "دۆخی خورماتوو لە مەترسیدایە، چونكە ھێزێكی كوردی لەوێ نییە تا خەڵك بپارێزێ، ئەو ھێزانەی لە خورماتوون ھەر ئەو ھێزانەن كە لە 16 ئۆكتۆبەر شارەكەیان داگیركرد".
یەكێكی دیكە لە ئاوارەكانی خورماتوو بەناوی سەلام عەلی، بە كوردستان24 گوت: "لە راستیدا ژیان و گوزەرانمان زۆر سەختە، داوا لە حكوومەتی ھەرێم دەكەین ئاوڕێك لەو ئاوارانە بداتەوە كە نەگەڕاونەتەوە خورماتوو، ھۆكاری نەگەڕانەوەمان ئەوەیە كە ماڵ و حاڵمان نەماوە، كاتێك دەتوانین بگەڕێینەوە كە ژیانمان پارێزراوبێت".
لە دوای ساڵی 2003وە ھێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان زۆرترین قوربانیان دا بۆ پاراستنی تەواوی پێکھاتەکانی خورماتوو لە گرووپە تیرۆرستەكان، بەڵام ھێزە چەكدارەكانی عێراق دوای 16ی ئۆكتۆبەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانیان داگیركرد و بە ھەزاران ھاووڵاتی كورد ئاوارە بوون.
ھ.م