به‌ڤیدیۆ.. گه‌رده‌لووله كاره‌ساتباره‌كه گه‌یشته كه‌ناراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
گه‌رده‌لووله‌كه هه‌ڕه‌شه له 5 ویلایه‌ت ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا كه له میدیاكان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاكراوه‌ته‌وه، ساته‌كانی گه‌یشتنی گه‌رده‌لوول و زریانی فلۆرێنس به كه‌ناراوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا نیشان ده‌دات، به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانیش به سه‌دان هه‌زار كه‌س له 5 ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر هۆشداری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته ماڵه‌كانیان چۆڵ كردووه.
به‌ر له دوو رۆژ، به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی گه‌رده‌لوولی فلۆرنس له كه‌ناراوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا، كه رێژه‌یه‌كی زۆری بارانی هه‌ڵگرتووه، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا باری له‌ناكاوی له واشنتۆن و 4 ویلایه‌تی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته راگه‌یاند و پێشبینی ده‌كرێت، له ئه‌نجامی گه‌یشتنی ئه‌و گه‌رده‌لووله لافاوێكی كاره‌ساتبار رووبدات.
له‌مباره‌یه‌وه مۆریل پاوزه‌ر، سه‌رۆكی شاره‌وانی واشنتۆن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باری له‌ناكاوی له ویلایه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند و داوایكرد، ده‌ستبه‌جێ ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ بكرێت، گوتیشی، "رێككاری پێویستمان بۆ روودانی حاڵه‌ته نه‌خوازراوه‌كان گرتووه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام كاتی ته‌واومان به‌ده‌سته‌وه نییه".
سه‌رۆكی شاره‌وانی واشنتۆن داواشی له زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س كرد، كه له ناوچه كه‌ناراوییه‌كان نیشته‌جێن، به‌ر له گه‌یشتنی ئه‌و گه‌رده‌لووله كه پێشبینی ده‌كرێت رۆژی پێنجشه‌ممه 13 ئه‌م مانگه بگاته ویلایه‌ته‌كه، ماڵه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن و روو له ناوچه ئارامه‌كانی دیكه بكه‌ن.
له‌كاتێكیشدا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ی به مه‌ترسیدارترین رووداوی سرووشتی ناوبردووه و هۆشداری له ئه‌گه‌ری رووداوی نه‌خوازراو داوه، باری له‌ناكاو له هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته‌كانی كارۆلاینای باكوور، كارۆلاینای باشوور، ڤێرجینیا و مێریلاندیش راگه‌یه‌ندراوه.
وه‌ك پاوزه‌ر ئاماژه‌ی پێكردبوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت كاریگه‌ری ئه‌و گه‌رده‌لووله بۆ ماوه‌ی 15 رۆژ به‌رده‌وام بێت، باری له‌ناكاویش به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌ش و هه‌وا، ئه‌و رووداوه سرووشتییه هه‌ڵگری بایێكی زۆر به‌هێز و رێژه‌یه‌كی زۆری بارانه و شه‌پۆله‌كانی زه‌ریاش زۆر به‌رز ده‌بنه‌وه.
له ویلایه‌تی كارۆلایناش بەرپرسانی حكومەت و درەزگاكانی فریاگوزاری و بەرگری میللی بەفەرمی چۆڵكردنی كردنی ملیۆن و نیوێكیان لە دانیشتوانی چەند شارێكی ویلایەتی كارۆلاینای باكوریان ڕاگەیاند و لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە بڕیاره‌كه كه‌وته بواری جێبەجێكردنەوە.
پێشتریش بەرپرسانی حكومەت و پسپۆرانی كەش و هەوا ڕایانگەیاندبوو، كە كاتەكە بەشیان ناكات تا ڕۆژی پێنجشەممە بۆ ئەوەی ئاراستە ی گەردەلولەكە تێك بدەن یاخود هێزەكەی لاواز بكەن، گەردەلولەكە لە پێوانەی چوار دەبێت لە بنەڕەتی پێنچ پلە و پێشبینی كارەساتی زۆر گەورەی لێ دەكرێت. تەنانەت دانیشتوانی باكوری ڤێرجینیا و واشنتۆنی پایتەخت لە ڕێگەی ئیمەیڵ و دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە ئاگادار كرابوونه‌وه ئامادەكاری بۆ ئه‌و كاره‌ساته بكەن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش نرخی بانزین بۆ هەر گالۆنێك لە باكوری ڤێرجینیا و واشنتۆن بە ناوەندی ٢٥ سەنت به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، لەبەرئەوەی دانیشتوان ئاگاداركرابوونه‌وه، تانكی ئۆتۆمبێلەكانیشیان بۆ هەر ئەگەرێك فول بكەن.
پلەی چوارەم واتا خێرایی گەردەلولەكە لە نێوان ٢٠٩ تا ٢٥١ كیلۆمەتر دەبێ لەكاتژمێرێكدا.
دوایین جار كه به‌هۆی گه‌رده‌لوولێكی زستانه باری له‌ناكاو له واشنتۆن راگه‌یه‌ندرا، له یه‌نایه‌ری ساڵی 2016 بوو، كاتێك گه‌رده‌لوولی "سنوزیلا" ئه‌و وڵاته‌ی گرته‌وه و به‌هۆیه‌وه پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا به‌چینێكی ئه‌ستووری سه‌هۆڵ داپۆشرا.
H.B