به‌رپرسانی هاوپه‌یمانی یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

ته‌نیا رێككه‌وتنێكی سیاسییمان ده‌وێت

K24 - سلێمانی:

دوای بڵاوکردنەوەی راگه‌یه‌ندراوێكی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە بارەی داواكاری گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو ئەو حیزبە، دەنگی نیگەرانی و ناڕەزایی لەلای ھاودیدان دروستبوو، بەڵام ھاوپەیمانی رەتیده‌كاته‌وه‌ و باس لەوە دەکەن پەلە پەلییه‌ك به‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ دیارە و ھاوپەیمانی لەگەڵ ڕێكکەوتنی سیاسیە نەك یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دوو راگه‌یه‌ندراوی لەسەر یەکگرتنەوەیان لەگەڵ ھاوپەیمانی دیموكراسی بڵاو کردەوە، له‌ یه‌كێكیاندا روونکراوەتەوە، ھاوپەیمانی داوای یەکگرتنەوەی کردووە، به‌ڵام له‌ راگه‌یه‌ندراوی دووەمدا باس لە رێكکەوتن بە ئاراستەی یەکخستنی نێوانیان کراوه‌، ئەم دوو جیاوازیيە ھێندەی تر گومانی تەواوی لەلای ھاودیدان و ھاووڵاتیانی کوردستان درووستکرد، لەوەی بەرھەم ساڵح مەیلی گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی زۆرە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان 24, لەدوای سەردانەکەی یەکێتی بۆ لای ھاوپەیمانی، ھاوکێشە سیاسییەکان گۆڕانیان بەسەردا ھات و چەند جارێک کەسە دیارەکانی یەکێتی بەنھێنی لەگەڵ بەرھەم ساڵح کۆبوونەتەوە، بەرھەم ساڵحیش پرۆژەیەکی بۆ یەکگرتنەوە ھەیە ئه‌گەر ئەنجوومەنی سەرکرایەتی یه‌كێتی رەزامەندی لەسەر بدات.

بەڵام ھاوپەیمانی رەتیکدەکاتەوە داوای یەکگرتنەوەیان لە یەکێتی کردبێت، بەڵکو باس لەوە دەکەن، ئه‌وان دەیانەوێت رێکكەوتنێکی سیاسی لەنێوان خۆیاندا واژوو بکەن.

یەکەم كۆبوونه‌وه‌ی بەرھەم ساڵح و کۆسرەت رەسول و ئەندامانی ھەردوولا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ھەرزوو لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، بەشێک نیگەرانی دەردەبڕن و بەشێکی دیکەش خۆشحاڵن لەوەی بەرھەم ساڵح دەگەڕێتەوە، فەرید ئەسەرسەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییش نایشارێتەوە، کە لیژنەیەک پیکھێنراوە و تاووتوێی پرۆژەکەی ھاوپەیمانی دەکرێت بۆ یەکگرتنەوە.

بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەردن و ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی پێيانوایە ورووژاندنی وشەی یەکگرتنەوەی ھاوپەیمانی و یەکێتی, تەنیا بۆ شکاندنی کەسایەتی بەرھەم ساڵحە، بەو پێیەی ھاوپەیمانی حزبێکی تازە لە دایکبووە و پێویستی بەڕێكکەوتن ھەیە نەك یەکگرتن.

ئ. م