"بانگەشە بە ئارامی بەڕێوەدەچێت"
کۆمیسیۆن: هیچ لایەنێك سکاڵای لەبارەی پێشێلکاری نەبووە
K24 - ھەولێر
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی رایدەگەێنێت، تائێستا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئارام و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت و ئاماژە بەوەشدەکات، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێك لەبارەی پێشێلکاری سکاڵای تۆمار نەکردووە، بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێیوایە لە بانگەشەی ئەمجارە کەمترین پۆستەری کاندیدەکان شێوێندراوە.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دەبێ ئێمە ھەلی یەكسان بۆ ھەموو لایەنەكان بڕەخسێنین، ھەموو لایەنەكان پابەند بكەین بە پەیڕەوەكانی خۆمان و چاوپۆشی لە ھیچ كاندید و قەوارەیەكی سیاسی نەكەین. تائێستا ھیچ لایەنێك سكاڵای نەكردووە كە حزبێكی دیكە چانسی ئەوەی پێنادات ئەویش وەك ئەو بانگەشە بكات و پۆستەرەكانی ھەڵواسێت".
کەمجار ھەبووە، لە سەرەتای بانگەشە شەڕە قسەی نێوان بەربژێری قەوارە سیاسییەکان روونەدات، بەڵام لە بانگەشەی ئەمجارە تائێستا حاڵەتی لەو شێوەیە رووی نەداوە، کەمترین پۆستەری قەوارە و کاندیدەکانیش شێوێندراوە، ئەگەر ھەشبووبێت ھی سەرجەم کاندید و قەوارەکان بێ جیاوازی شێوێندراون، بەڵام بەشێوەیەکە کە کەم ھەستی پێ دەکرێت.
بەھمەن کاکە، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە ھەفتەی یەكەمی بانگەشە بە باشی و ھێمنی بەڕێوەچووە، ھەرچەندە لە ھەندێك ناوچە پێشێلكاری بەرامبەر بە كاندیدانمان كراوە، لە ناوچەی گەرمیان پۆستەرەكانی من لێكراوەتەوە و دڕێندراون، بەڵام بە گشتی پرۆسەكە بە ھێمنی بەڕێوەدەچێت".
ھ.م