كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چاودێری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌كات

به‌سه‌دان رێكخراوی بیانی چاودێری پرۆسەكە ده‌كه‌ن

K24 - ھەولێر

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان  داواکاری پێشکەش بە کۆمسیۆن دەکەن و هەر یەک لە  نوێنه‌رانی ئەمەریکا و ژاپۆن بە فەرمی ناوی خۆیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە.

رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و دەزگاکانی راگەیاندنی نێودەوڵەتیش هاوشانی کونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان چاویان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت. 

ژیار دزەیی، بەرپرسی تۆماری قەوارە سیاسییەکان لەکۆمسیۆن بە كوردستان24 گوت: "جگە لە كونسوڵخانەكان، تائێستا 7 دەزگای راگەیاندنی بیانی باسراو، بە مەبەستی خۆتۆماركردن بۆ رووماڵی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەردانی كۆمسیۆنیان كردووە، ھەروەھا ژمارەیەك رێكخراوی جیھانی بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە ناوی خۆیان تۆماركردووە".

جگە لە رێکخراوە بیانییەکان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش رێکخراوەکان چاودێری پرۆسەکە دەکەن زیاتر لە 500 کەس لە رێکخراوەکان ناویان بۆ چاودێریكردن تۆمار کردووەو 23 رێکخراوی بیانیش لە رێگەی تۆڕی "شەمس" بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان خۆیان ئامادەکردووە. تۆڕی شەمس رێگەیەکی تازە بۆ چاودێری هەڵبژاردن دەگرێتە بەر.

هۆگر چەتۆ، بەرپرسی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "تۆڕی چاودێری ھەڵبژاردنی جیھانی عەرەبی كە پێشتریش چاودێری ھەموو ھەڵبژاردنەكانی كوردستانیان كردووە، تائێستا ناوی 18 كەسیان بۆ ناردوین كە بێن چاودێری ھەڵبژاردن بكەن، لەگەڵ رێكخراوێكی بەریتانیا لەسەر خەتین كە پێی دەڵێن "چاودێری دیموكراسی" ئەوانیش ژمارەیەك كەس دەنێرن".

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن تا دێت بانگەشە چڕدەبێتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە رێگەی چاودێرانیەوە چاوی لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەیە، لایەنە سیاسییەکانیش لە رێگەی نوێنەرانیان چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەن.

ھ.م