پوتین كهڵاشینكۆڤی نوێ تاقیده‌كاته‌وه
نیوه‌ی نیشانه‌كان ده‌شكێنێ
K24 - هه‌ولێر:
ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه 19/9/2018 تواناكانی خۆی له‌بواری نیشانه‌شكاندن به كهڵاشنكۆڤێكی نوێ تاقیكرده‌وه‌و چه‌ند گوللـه‌یه‌كی ته‌قاند و نیوه‌ی ئامانجه‌كانی پێكا.
به‌گوێره‌ی ڤیدیۆ و زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی فه‌رمی ته‌له‌ڤزیۆنی رووسیا «روسيا 24» پوتین چاویلكه‌ی تایبه‌ت و هیدفۆنی پاراستنی گوێی به‌ستووه‌و به كهڵاشینكۆڤێكی ره‌نگ زیویی له مه‌یدانێكی نیشانهشكاندنی كۆمپانیای كهڵاشینكۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی مۆسكۆ نیشانهدهشكێنێ".
كه‌ناڵه‌كه‌ی رووسیا گوتوویه‌تی: "پوتین له دوورترین مه‌ودا كه گوللـه‌ی كهڵاشینكۆڤهكه پێیگه‌یشتووه نیشانه‌كانی شكاندووه‌و به وردی ته‌قه له ئامانجه‌كان ده‌كات و نیوه‌یانی پێكاوه".
پوتین 5 گوللـه‌ی ته‌قاندووه‌و زیاتر له نیوه‌ی ئامانجه‌كانی پێكاوه. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی زڤیزدای رووسیش كه تهلهڤزیۆنكی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیایه، پوتین چه‌كێكی جۆری (ئێس ڤی سی 380)ـی هه‌ڵبژاردووه كه چه‌كێكی تازه‌یه و تایبه‌ته به ده‌سته‌بژێره نیشانشكێنه‌كانی رووسیا.
كۆمپانیای كهڵاشینكۆڤی رووسی به چه‌كی جۆری (ئه‌ی كه‌ی 47) ناوبانگی ده‌ركرد و ساڵانێكه سوپا و هێزه شۆڕشگێڕ و میلیشیاكانی چه‌ندین وڵاتی جیهان پشتیان پێبه‌ستووه.
له كۆتایی مانگی ئابی ئه‌مساڵ، كۆمپانیای كهڵاشینكۆڤی رووسی رایگه‌یاند: "خۆیان بۆ به‌رهه‌مھێنانی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی ئاماده ده‌كه‌ن و نموونه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یان ئاشكراكرد كه له سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤییه‌تی جارانه‌وه دیزاینكراوه".