كۆمسیۆن "كونەكانی" ساختەكاری دەگرێت
قەڵەم و كاغەزی تایبەت بەكاردەھێندرێ
K24 - ھەولێر
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانیش دەڵێت "ھەموو ئەو كونانەی كە پێمان وابووە ھەوای لێوەدێت بۆ ساختەكاری گرتوومانن".
بەپێی داتاكانی كۆمسیۆن، ژمارەی دەنگدەری تایبهتیشیان لە 248 هەزار ناوەوە کەمکردووەتەوە بۆ 174 هەزار کەس و جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ژمارەی دەنگدەری بنکەکانیان کەمکردووەتەوە.
کۆمیسیۆن بۆ رێگری لە ئەنجامدانی ساختەکاری ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانیان لە چاوی هەڵبژاردنەکانی عێراق کەمکردوەتەوە، بە جۆرێک ھەزار و 200 وێستگەی دەنگدان کەمکراوەتەوە، هاووڵاتییان داوای ئاسانکاری بۆ دەنگدان دەکەن و داواش دەکەن کۆمسیۆن ئامادەکاری باشتر بکات بە تایبەت لە ویستگەکانی دەنگدان.
ھاووڵاتییەك بەناوی ئاری محەمەد، دەڵێ: "پێویست بوو كۆمسیۆن بانگەشەی زیاتر بۆ ھەڵبژاردن بكات و زانیاری تەواو بداتە دەنگدەران، دەبوایە بە دەنگدەران بگوترێت مەرج نییە تەنھا لە بنكەی پێشووتر دەنگبدات، خەڵكیش دەبێ لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەدوای ئەوە بگەڕێت كە بزانێت لە كوێ دەنگدەدەن".
حەنان عەبدولرەحمان، ھاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی ھەولێرە و پێی وایە: "دەبێ بنكەكان بە تەواوی رێكبخرێن، بۆ ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بە باشی بەڕێوەبچێت، ھەروەھا ھێزە ئەمنییەكان كەشێكی ئارام بۆ خەڵك فەراھەم بكەن".
بۆ رێگری لە ساختەکاری کۆمسیۆن رێگەی جۆراوجۆری گرتووەتە بەر لەوانەش بە قەڵەمی تایبەت دەنگ دەدەرێت و بۆ کارتی دەنگدانیش کاغەزێکی تایبەتی بەکار هێناوە.
ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە كوردستان24 گوت: "ھەموو ئەو كونانەی كە پێمان وابووە ھەوای لێوەدێت بۆ ساختەكاری گرتوومانن. بە خەڵكی ھەرێمی كوردستان دەڵێین ئەوەی كە ئەركی ئێمە بوو و زیاتر لە ئەركی خۆمان جێبەجێمان كردووە".
گوتیشی: "كۆمسیۆن قەڵەمێكی تایبەتی بۆ دەنگدان دیاركردووە، دەبێ دەنگدەران تەنھا بەو قەڵەمە دەنگبدەن، دوای دەنگدانیش قەڵەمەكە ھەڵدەگیرێتەوە بۆ ئەوەی كەس دەنگی پێنەدات، ھەروەھا كاغەزێكی جیاوازمان ھێناوە كە كۆپی كردن و ساختەكاری لێی كارێكی زۆر سەختە".
28ی ئەیلوول دەنگدانی تایبەت ئەنجام دەدرێت کە تێدا پێشمەرگە و زێرەڤانی و پۆلیسی فریاکەوتن و پۆلیس و ئاسایش کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ دەنگ دەدەن. ھەروەھا رۆژی 30/9/2018 ھەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی پێنجەم، بە شێوەی یەك بازنەیی نیمچەکراوە بەڕێوەدەچێت. 3 ملیۆن و 85 چوار هەزار و 461 كەس لە ھەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە. ژمارەی بنکەکانی ھەزار و 260 بنکەیە و 7 ھەزار و 733 کاندید لە 29 قەوارەو لیستی و هاوپەیمانی کێبرکێ بۆ بەدەست هێنانی 111 کورسی پەرلەمان دەکەن.
ھ.م