به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی له‌ زاخۆ بانگه‌شه‌ی پارتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

سه‌رۆك بارزانی خه‌ڵكی زاخۆی به‌ "رۆح و دڵی" خۆی ناوبردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ شاری زاخۆ، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ری فراوان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و بڕیاره‌ سه‌رۆك بارزانی وتارێك پێشكه‌ش بكات.

ئاهه‌نگه‌كه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی لیستی 183ـی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و پێشبینی ده‌كرێت ده‌یان هه‌زار كه‌س به‌شداریی بكه‌ن.

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ رۆژی 30ـی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت، پارتی دیموكراتی كوردستان ئاهه‌نگ و كه‌رنه‌ڤاڵه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی زیاتر كردووه‌و ده‌یه‌وێت كاندیده‌كانی باشتر به‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان بناسێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ژماره‌ی كورسییه‌كانی بگه‌نه‌ رێژه‌یه‌ك به‌ ئاسانی بتوانێت كارنامه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و به‌رده‌وام ده‌ڵێت: "بنیاتنانی كوردستانێكی به‌هێز" ئامانجی حزبه‌كه‌یه‌.

له‌ كه‌مپه‌ینه‌كانی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش، خه‌ڵكی زاخۆ به‌شێویه‌كی فراوان به‌شدارییان كرد و ساڵی رابردوو سه‌رۆك بارزانی به‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی گووت: "ئێوه‌ رۆح و دڵی منن" بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مڕۆش ئاهه‌نگێكی به‌جۆشوخرۆش به‌رێوه‌ بچێت.