کۆمپانیای کیپلەر: هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز زیاتر بووە

سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر گەرووی هورمز، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگ تێپەڕی کردووە. داتاکانی گواستنەوە، بڵاویانکردووەتەوە و دەریدەخەن هەناردەی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەی کۆتایی ئەیلوولدا، سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە تێپەڕبووەکان بە گەرووەکەدا، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەگوێرەی داتای سەرەتایی کۆمپانیای کیپلەر بۆ بەدواداچوونی کەشتییەکان، هەناردەی نەوتی خاو لە 24ـی ئەیلوولدا لە نێوان 19.5 ملیۆن بۆ 22.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، هەروەها لە رۆژانی 27 بۆ 29ـی هەمان مانگیشدا هەمان ئاست تۆمار کراوە. ئەم ئاماران تێکڕای هەناردە لە ئاداری 2025 تاکوو شوباتی 2026، واتە بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، 18 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بووە.

تێکڕای هەناردەی نەوتی خاو لە ماوەی حەوت رۆژدا، لە یەکی تشرینی یەکەمدا گەیشتە 18.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. هاوکات تێکڕای هەناردەی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان، ماددە کیمیایییەکان و چڕکراوەکان لەو حەوت رۆژەی لە 30ـی ئەیلوولدا کۆتایی هات، 22.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بووە. ژمارەی ئەو کەشتییانەی گازی سروشتیی  (LNG) کە لە رێگەی گەرووی هورمزەوە تێپەڕیون، لە ئەیلوولدا بۆ بەرزترین ئاستی مانگانە لە شوباتی رابردووەوە بەرز بووەتەوە.

ئەم داتایانە ئەو کەشتییانە ناگرێتەوە کە رەنگە بەمەبەستی خۆلادان لە چاودێریکردن، بە کوژاندنەوەی ئامێرەکانی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی بە گەرووەکەدا تێپەڕیبێتن. بەر لە دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتدا، رۆژانە نزیکەی 125 کەشتیی بازرگانیی گەورە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕین، کە رۆژانە نزیکەی 20%ـی نەوتی خاو و گازی سروشتیی بۆ جیهان گواستووەتە.

ماریسکس، کە لە بواری زانیارییەکانی گواستنەوەدا کار دەکات، رایگەیاند هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و دەوروبەری بەردەوام بوون و بەلایەنی کەمەوە حەوت رووداو تۆمار کراون. کۆمپانیاکە روونیکردەوە، کەشتیی نەوتهەڵگری "کازمە 3" لە یەکی تشرینی یەکەمدا بەر هێرش کەتووە، کە سەرچاوەی هێرشەکە نەزانراوە. بەهۆیەوە ئاگر کەشتییەکە کەوتووەتەوە، بەڵام تیمی کەشتییەکە زیانیان پێنەگەیشتووە و دواتر گواستراونەتەوە.

ماریسکس هۆشداری دا کەشتییە بازرگانییەکان ئێستا رووبەڕووی هەڕەشەی زیاتر و پێشبینی نەکراو بوونەتەوە. کۆمپانیاکە پێی وایە مەترسییەکە پەیوەندی بە بوونی کەشتییەکانەوە لەو ناوچە دیاریکراوانەی پێکداداندا هەیە کە رەنگە مووشەکەکان تێیدا شوێنی ئاماژە رادارە بەردەستەکان بکەون، نەک ئەوەی ئامانج لە هێرشەکان تەنیا کەشتییەکی دیاریکراو بێت.