یاریدەدەری فڕۆکەوانی فڵای دوبەی لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا نا

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، حەمام حەمامی، یاریدەدەری فڕۆکەوانی عومانی لە کۆمپانیای فڵای دوبەی، پێشتر چەند جارێک وەک فڕۆکەوان گەشتی بۆ تەلئەڤیڤ کردووە. رۆژنامەکە روونیکردەوە، فڵای دوبەی حەمامی بۆ ئەو رێڕەوە هەستیارەی گەشتی تەلئەڤیڤ داناوە، چونکە پێشتر چەند جارێک گەشتی بۆ ئەو شارە کردووە.

کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، یاریدەدەری فڕۆکەوانی فڵای دوبەی لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئیمارات دانی بەوەداناوە ئەو کۆمپانیایەی هەڵبژاردووە چونکە گەشتی بۆ تەلئەڤیڤ هەیە. ئەو هەروەها دانی بەوەداناوە پلانەکەی پێش ئەوەی لە کۆمپانیاکە دابمەزرێت داڕشتووە.

کەناڵەکە بەشێک لە دانپێدانانەکانی حەمامی پەخش کرد، تێیدا دانی بەوەداناوە هەوڵی داوە لە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیدا کار بکات. هەمامی لەو بارەیەوە گوتی: "بەدواداچوونم بۆ ئەو کۆمپانیایانە کرد کە گەشت بۆ تەلئەڤیڤ دەکەن، هەر بۆیە فڵای دوبەی-م هەڵبژارد. من پێش وەرگیرانم لە کارەکە، پلانم بۆ ئەمە داناوە".

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکەوانە عومانییە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا گوتوویەتی، پلانی دانابوو فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی بن گوریون تێکبشکێنێت، بۆیە لە ئاسمانی ئوردن و نزیک ئیسرائیل هێرشەکەی کردووە.

شەممەی رابردوو، تیمێکی لێکۆڵەرانی ئیسرائیلی گەیشتنە ئیمارات بۆ ئەوەی بەشداری لە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی دیکەدا بکەن. لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو گومانە چڕ بوونەتەوە کە حەمامی پێشتر گەشتی بۆ ئیسرائیل کردووە، پێشبینییەکانیش بۆ ئەوە دەچن بە تەنیا ئەو کارەی کردبێت.

ئاژانسی هەواڵی ئیمارات بڵاویکردەوە، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەیەکیان بۆ دیاریکردنی وردەکاری و هۆکارەکانی رووداوەکە دەستپێکردووە.