فەرەنسا گەورە قاچاخچییەکی کوردی سزا دا
خۆی و باندەکەی یەکێکبوون لە مەترسیدارترین گروپەکانی قاچاخچێتی
K24- ههولێر:
کوردێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە وەک پەنابەر لە بەریتانیا ژیاوە، بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هاوڕێ لەگەڵ حەوت کەس لە باندەکەی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادرا.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ناشناڵ، رێکەوت کایانی تەمەن 36 ساڵ، سەرۆکایەتی باندێکی قاچاخچی کردووە کە کاریان گواستنەوەی نایاسایی پەنابەران بووە لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا.
رێکەوت وەکو پەنابەر چوەتە بەریتانیا و لە ساڵی 2011 بووەتە خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانی، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا، خۆی و حەوت کەس لە ئەندامانی باندەکەی لە ئایاری ساڵی 2016 دەستگیردەکرێن.
ئەم باندە بە یەکێک لە مەترسیدارترین باندەکان هەژمارکراون بەوەی سەدان پەنابەریان بە نایاسایی لە رێگای بارهەڵگرە جیاوازەکانەوە لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا گواستۆتەوە.
رێکەوت و باندەکەی لە شاری لیلی فەرەنسا دادگای کراون، جیا لەوەی حەوت ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپاوە ، بەبڕی 100 هەزار یۆرۆش سزادراون.
H.J