نێچيرڤان بارزانى ستايشى رۆڵى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى كوردستان ده‌كات

هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ ببێته‌ نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی دیموكراسی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌، هێزه‌كانى ناوخۆ و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێيدا باسی ره‌وشی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ پێشمه‌رگه‌، هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كان، هێزه‌كانی ناوخۆ و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كرد، كه‌ قاره‌مانانه‌ توانیویانه‌ به‌رگری له‌ كوردستان بكه‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن و سه‌قامگیریی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاڵۆز بكرێت چ‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ و چ له‌ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌شی به‌‌ جێگه‌ی ڕێز و پێزانین و سه‌ربه‌رزیی هه‌موو تاكێكی كوردستان وه‌سف كرد‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌وڵ و شه‌ونخوونییه‌كانی هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی بۆ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها هیوای خواست له‌ رۆژانی داهاتووشدا به‌تایبه‌تی له‌ رۆژی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رۆژى 30ى ئه‌يلوول،هه‌مان رۆڵیان هه‌بێت به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایش و سه‌ر و گیانی هاووڵاتیان به‌گشتی.

نێچيرڤان بارزانى، به‌ پێویستی زانی هه‌موولایه‌ك هاوكار بن پرۆسه‌ی ده‌نگدان زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتایی بێت و ببێته‌ نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی دیموكراسی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.