دەنگدانی تایبەت دەستپێدەكات
ئەمڕۆ زیاتر لە 170 ھەزار كەس لە ھێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش دەنگدەدەن
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستپێدەكات و ھێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش لە ھەرێمی كوردستان دەنگ دەدەن.
هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد: "170 هەزار دەنگدەری تایبەت لە ھەرێمی كوردستان هەن".
سەرۆكی كۆمسیۆن راشیگەیاند: "پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە كاتژمێر 8 بەیانی دەست پێدەكات و تا كاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت".
ئاشكراشی كرد: "ئەمجارە لە دوای كاتژمێر 6ی ئێوارەوە كە پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبێت، ھەر ئەوكاتە دەست دەكرێت بە ھەژماردنی دەنگەكان، سەرەتاش لەسەر ئاستی لیست و قەوارەكان دەست پێدەكات".
ھەروەھا رۆژی یەكشەممە 30/9/2018، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش 29 قەوارە و لایەنی سیاسی کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆترین دەنگ دەکەن.
لە دەنگدانی گشتی 3 ملیۆن و 85 ھەزار و 461 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە كە لە پارێزگاكان بەمشێیوەیە لە ھەولێر ملیۆنێك و 109 ھەزار و 72 دەنگدەر و لە پارێزگای دھۆك 711 ھەزار و 218 دەنگدەر و لە سلێمانیش ملیۆنێك و 196 ھەزار و 980 دەنگدەر و لە ھەڵەبجە 68 ھەزار و 191 دەنگدەر ھەن".
لە دوای راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستان دژ بە حکوومەتی بەعس، تائێستا چوار خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، کە لە هەر خولێکیشدا چەندین هاوپەیمانێتی و لیست بۆ بەشداریکردن پێکهێندراون.
بۆ خولی پێنجەم هەڵبژاردن بەشێوەی یەك بازنەی نیمچەکراوە بەڕێوەدەچێت، کە 3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەنێو ئەو ژمارەیەشدا 174 هەزار و 148 دەنگدەری تایبەت هەن.
بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان کۆمسیۆن هەزار و 260 بنکەی دەنگدانی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، کە دەکاتە 5 هەزار و 933 وێستگەی دەنگدان، هەروەها 42 هەزار و 170 فەرمانبەر سەرپەرشتی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەن.
هەروەها 773 کاندید لە لیستە جیاوازەكان کێبڕكی لەسەر بوون بە ئەندامی پەرلەمان دەکەن، کە لەنێویاندا 532 پیاو و 241 ژن هەن.
پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسی پێکدێت، لەو ژمارەیەشدا 11 کورسی بۆ پێکهاتەکان دابینکراوە، بەشێوەیەك کریستیانەکان 5 کورسی، تورکمانەکان 5 کورسی.
بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان رێژەی 30% بۆ ژنان لە پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
ھ.م