ئیسرائیل کۆگا نهێنییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرادەکات
"دەبێت پەلە بکرێت لە ناردنی پشکنەر"

K24- ههولێر:
بێنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی پێشکەشکردنغ وتارێکی لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمەریکا چەند وێنە و بەڵگەیەکی لەبارەی بوونی "کۆگای ئەتۆمی" لە وڵاتی ئێران خستەڕوو.
وەک ئەوەی لە هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز هاتووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جیا لەوەی ئەوروپای بە شاردنەوەی کارە تووندڕەوەکانی ئێران تۆمەتبارکرد، راشیگەیاندووە : "ئەوەی من دەیڵێم هەرگیز پێشتر ئاشکرا نەکراوە، من بۆ یەکەمجار ئەوە ئاشکرادەکەم کە ئێران دامەزراوەی نهێنی دیکەی لە تاران هەیە".
نەتانیاهو وێنەی یەکێک لە دامەزراوە نهێنییەکانی ئێران نیشانی ئامادەبووان دەدات و ناوی ئەو گەڕەکەش دەهێنێت کە لە تارانی پایتەختی ئێران دامەزراوەکەی تێدایە، دەشڵێت: "پێشتر چەند بەڵگەیەکەمان بڵاوکردەوە، لەو کاتەوە ئێران دەیەوێت کۆگاکانی پاكبکاتەوە، تەنها مانگی رابردوو، 15 کیلۆگرام لە ماددەی تیشکدەریان لە کۆگاکانەوە بۆ چەند شوێنێکی دابەشبووی تاران گواستۆتە، ئامانجیان لەناوبردنی بەڵگەکانە".
بێنیامین نەتانیاهو ئاشکراشیکرد کە ئێران خاوەنی 300 تۆن لە ماددەی جیاوازی بەرهەمهێنانی ئەتۆمییە و دەبێت کۆمەڵگەی نێودەڵەتی پەلەبکات لە ناردنی پشکنەر بۆ ئەو "شوێنە نهێنیانە".
لەو وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ئیسرائیل، بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "جیهان بەو جۆرە لە قسەی بێمانا و ناڕاستانە بە بەرزی پێدەکەنێت".
تاکو ئێستا ئیسرائیل لەبارەی بوونی کۆگای نهێنی و دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئێران، چەند جارێک وێنە و بەڵگەی پێشکەش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بێ وەڵام بووە.
H.J