دەنگدانی تایبەت بهڕێوهدهچێت
زیاتر لە 170 ھەزار كەس لە پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ دەنگدەدەن
K24 - ھەولێر
كاتژمێر 8ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ھەینی 28/9/2018 ھەڵبژاردنی تایبەت لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، كە ھێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش لە ھەرێمی كوردستان دەنگدەدەن.
لە دەنگدانی تایبەت 174 هەزار و 148 دەنگدەری تایبەت هەن، لە پێش دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگدان زۆر لە پێشمەرگە و كارمەندانی ھێزەكانی ناوخۆ لەبەردەم بنكەكانی دەنگدان چاوەڕێی كردنەوەی دەرگاكانیان دەكرد.
كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان ئاشكراشی كردووە: "ئەمجارە لە دوای كاتژمێر 6ی ئێوارەوە كە پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبێت، ھەر ئەوكاتە دەست دەكرێت بە ھەژماردنی دەنگەكان، سەرەتاش لەسەر ئاستی لیست و قەوارەكان دەست پێدەكات".
زیاتر لە 23 رێكخراو و كونسوڵخانە چاودێری پرۆسەكە دەكەن، ھەروەھا زیاتر 15 ئاژانس و میدیای نێودەوڵەتی رووماڵی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
ھەروەھا رۆژی یەكشەممە 30/9/2018، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش 29 قەوارە و لایەنی سیاسی کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆترین دەنگ دەکەن.
لە دەنگدانی گشتی 3 ملیۆن و 85 ھەزار و 461 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە كە لە پارێزگاكان بەمشێیوەیە لە ھەولێر ملیۆنێك و 109 ھەزار و 72 دەنگدەر و لە پارێزگای دھۆك 711 ھەزار و 218 دەنگدەر و لە سلێمانیش ملیۆنێك و 196 ھەزار و 980 دەنگدەر و لە ھەڵەبجە 68 ھەزار و 191 دەنگدەر ھەن".