پۆلیسی ھەولێر ئامادەیە ھێز رەوانەی كۆیە بكات

"ئەگەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بەوشێوەیە بەردەوام بێت رادەگیرێت"

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند: "پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە ھەولێر بە باشی بەڕێوەدەچێت، تەنھا لە قەزای كۆیە پێشێلكاری كراوەو  ئامادەین بۆ پاراستنی بنكەكانی دەنگدان ھێز بۆ كۆیە بنێرین".

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "بە گشتی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سنووری ھەولێر بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەداخەوە تەنھا لە كۆیە رەوشەكە خراپبووە، پێویستە بەرپرسانی ئیداری و حزبی كۆیە وریابن لەو بارودۆخە، لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەوە پەیوەندیی بەمنەوە كراوە، دەگوترێت ئەگەر رەوشەكە بەوجۆرە بەردەوام بێت، ناچاردەبن پرۆسەكە رابگرن و ھێڵی سوور لە سندووقەكانی دەنگدان بدرێت".

روونیكردەوە: "لە كۆیە پێشێلكاری زۆر كراوە، ھێز بە چەكەوە ھەڵیانكوتاوەتە سەر بنكەكانی دەنگدان، ھەروەھا رێگە بە ھەندێك كەناڵ نەدراوە رووماڵی پرۆسەكە بكەن، پێشتر لە كۆمسیۆن بڕیاردراوە ھەر رۆژنامەنووسێك باجی ھەبێت دەتوانی رووماڵ بكات، ھیوادارین ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆیە كراوە لە رۆژی دەنگدانی گشتی دووبارە نەبێتەوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر گوتیشی: "لە ھەندێك بنكەی دەنگدان لە كۆیە پاراستنی بنكەكان لە دەست پۆلیس نەماوە و ھێزی دیكە چوونەتە ناو بنكەكان".

راشیگەیاند: "ئەگەر ھێزە ئەمنییەكانی كۆیە پێویستیان بە ھێزبێت، ئێمە ئامادەین ھێز رەوانەی كۆیە بكەین و رێگە نەدەین سەرپێچی و پێشێلكاری ئەنجامبدرێت".