لە سلێمانی پێشێلکاریی دەکرێت

پەیامنێری کوردستان24 پێشێلکارییەکان ئاشکرا دەکات

K24- هه‌ولێر:

پەیامنێری کوردستان24 لە شاری سلێمانی رایگەیاند، چەندین پێشێلکاری لە شاری سلێمانی تۆمارکراون و هەندێک لە دەنگدەران وێنەی دەنگەکانیان دەگرن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی  پەیامنێری کوردستان24، لە هەندێک بنکەی دەنگدان وێنەی کاندیدەکانی لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی دەبردرێنە ژوورەوە و دەدرێنە دەنگدەران.

ئەم پێشێلکارییانە لە کاتێکدایە، پێشتر کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان رایگەیاندبوو، بردنە ژوورەوەی کامێرا بۆ بنکەکانی دەنگدان سەرپێچییە و نابێت هیچ کەسێک وێنەی کاتی دەنگدانی تۆماربکات.

بەگوێرەی لێدوانێکی هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، "زیاتر لە 170 هەزار دەنگدەری تایبەت لە ھەرێمی كوردستان هەن".

ھەروەھا رۆژی یەكشەممە 30/9/2018، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش 29 قەوارە و لایەنی سیاسی کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆترین دەنگ دەکەن. 

لە دوای راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستان دژ بە حکوومەتی بەعس، تائێستا چوار خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، کە لە هەر خولێکیشدا چەندین هاوپەیمانێتی و لیست بۆ بەشداریکردن پێکهێندراون.

‌H.j