سه‌رۆك بارزانی: گه‌ل بڕیار ده‌دات هه‌ر لایه‌نێك سه‌نگی چه‌نده‌

سه‌رۆك بارزانی: داواكارم هه‌ڵبژاردن به‌ هێمنی به‌ڕێوه‌ بچێت

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، پاش ئه‌وه‌ی له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدانی پیرمام به‌شداریی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی كرد، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌وانان گووتی: "پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م و داواكارم به‌ هێمنی پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت و ئه‌مڕۆ گه‌ل بڕیار ده‌دات كێ هه‌ڵبژێرێت"

هه‌روه‌ها گووتی: "ئه‌مڕۆ گه‌ل دیاری ده‌كات هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك سه‌نگی چه‌نده‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ پێویستمان به‌ یه‌كتری نه‌بێت و هه‌موو برای یه‌كین و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت".

كاتژمێر 8:00 سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 30/9/2018 بنكه‌كانی ده‌نگدان به‌ رووی نزیكه‌ی 3 ملیۆن ده‌نگده‌ری هه‌رێمی كوردستان كرانه‌وه‌و ده‌توانن تا كاتژمێر 6:00 ئێواره‌ به‌شداریی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا بكه‌ن.

به‌گوێره‌ی رێنماییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، ده‌نگده‌ر ده‌بێت ناسنانه‌ی باری شارستانی و وڵاتینامه‌ی عێراقی پێكه‌وه‌ بێت، یان كارتی نیشتمان و پاسپۆرت، ئه‌گه‌رنا ناتوانێت به‌شداریی پرۆسه‌كه‌ بكات.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 720 كاندید له‌ رێگه‌ی 29 لیست وقه‌واره‌ی سیاسی به‌شدارن و له‌سه‌ر 111 كورسی په‌رله‌مان كه‌ 100 كورسییان گشتی و 11 كورسییان كۆتایی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی كوردستانه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن.

پرۆسه‌كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك میدیا و ئاژانسی جیهان و میدیاكانی كوردستانه‌وه‌ رووماڵ ده‌كرێت و چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی و كونسوڵخانه‌ی وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان چاودێریی پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

به‌ر له‌ كردنه‌وه‌ی بنكه‌كان به‌ڕووی ته‌واوی ده‌نگده‌ران، كارمه‌ندانی كۆمیسیۆن ده‌نگیاندا و له‌ بنكه‌كاندا چاودێر و نوێنه‌ری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شدارن.

رۆژی 28/9/2018 ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منیه‌یكان به‌ڕێوه‌چوو و زیاتر له‌ 156 هه‌زار كه‌س به‌شدارییان تێداكرد.

كۆمیسیۆن له‌باره‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی هةڵبژاردنه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، دوای 72 كاتژمێر ده‌توانن ده‌ره‌نجامه‌كان رابگه‌یێنن.