کێشە بۆ دەنگدەرانی پارتی لە هەڵەبجە دروست دەکرێت

لە سلێمانیش بەشێک لە هاووڵاتیان گازندە دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

زۆرێک لە دەنگدەرانی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، ناوەکانیان پەرت و بڵاوکراوە و بەشێکیشیان بە تەواوی ناوەکانیان سڕدراوەتەوە.

هاووڵاتییەکی شاری هەڵەبجە بە کوردستان24ی راگەیاند، بەمەبەستی دڵنیابوون لە بوونی ناوەکانیان، پێشتر سەردانی بنکەی دەنگدانی کردووە ، بەڵام لە رۆژی دەنگدان ناوی خۆی، هاوسەرەکەی و برایەکی بە تەواوەتی سڕدراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە راشیگەیاند، بەهۆی لایەنگریان بۆ پارتێکی دیاریکراو، کێشە بۆ ئەندامانی ئەو خێزانە دروستکراوە و دەنگەکانیان بۆ بنکەی جیاواز گواستراوەتەوە.

چاودێرێک لە شاری هەڵەبجە هەمان تۆمەتی خستە پاڵ بەرپرسانی بنکەکانی دەنگدان و گووتی: "زیاد لە 30 دەنگدەری پارتی لە بنکەکە ناوییان لە لیستی دەرەوەی بنکەکە هەیە بەڵام کاتێک دەچنە ژوورەوە، ناویان تۆمار نەکراوە و ناهێڵن دەنگبدەن".

هاووڵاتییەکی  شاری سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە کوردستان24 راگەیاند: "پێشتر لە قوتابخانەی ناوەندی زانیاری لە پشت کارەباکەی شەقامی سەهۆڵەکە، خۆم و خێزانم دەنگمان داوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ناومان لە تۆماری کۆمسیۆن و لە سایتی فەرمیدا هەیە، لە بنکەکەدا ناوەکانمان بوونی نییە. ئەمەش بەهۆی لایەنگریمانە بۆ لایەنێکی دیاریکراو".

ئەگەرچی کێشەی نەبوونی ناوی دەنگدەران لە چەند بنکەیەکی ناوچە جیاوزەکانی کوردستان بەدیکراوە، بەڵام بەشێک لە هاووڵاتیان پێیان وایە ئەو سڕینەوەی ناوانە، مەرامی سیاسی لە پشتە.

H.J