د. کەمال : لە کەرکوکەوە خەڵک بۆ دەنگدان دەهێندرێنە چەمچەماڵ و سلێمانی
"لە دوێنێشەوە بە پاس خەڵکێکی زۆر لە کەرکوکەوە رەوانەی سلێمانی و چەمچەماڵ کراون"
K24 – ههولێر:
د، کەمال کەرکوکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک – گەرمیان، هەوڵێکی ساختەکاری ئاشکرادەکات و دەڵێت، خەڵکێکی زۆری شاری کەرکوک بەمەبەستی دەنگدان رەوانەی شاری چەمچەماڵ کراون.
د. کەمال کەرکوکی لەوبارەیەوە بە کوردستان24ی راگەیاند: "خەڵکێکی زۆر لە شاری کەرکوک بە پاس و بەمەبەستی بەشداریکردن لە دەنگدان رەوانەی شاری سلێمانی، چەمچەماڵ و دەوروبەری کراون".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارتی لە کەرکوک- گەرمیان دەشڵێت: "پێچەوانەی رێنماییەکانی کۆمسیۆن، هێشتا هاتووچۆ لە نێوان شارەکانی کەرکوک، سلێمانی و چەمچەماڵ ئەنجام دەدرێن".
پێشتریش فەرمان مەجید، بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری چەمچەماڵ بە کوردستان24 راگەیاندبوو: "خەڵکێکی زۆری سەربازیی بە ناسنامە و رەگەزنامەی ساختەی عێراقی هێنراونەتە شارەکە و هەوڵی تەزویرکردن دەدرێت".
فەرمان مەجید گووتیشی: "هەوڵی ساختەکاری جددی هەیە و چەند حاڵەتێکی ساختەکاری ئاشکراکراوە کە بەرواری رۆژی لە دایکبوون لەسەر بەڵگەنامەکانیان جیاوازی هەبووە".
H.J