چوار لایه‌نی سیاسی پرۆسه‌ی ده‌نگدان له كۆیه ره‌تده‌كه‌نه‌وه
"كۆیه كراوه‌ته سه‌ربازگه و فۆڕمی سكاڵا به نوێنه‌ری لایه‌نه‌كان نادرێت"
K24 - هه‌ولێر:
چوار لایه‌نی سیاسی له‌سه‌ر پێشێلكاری و ساخته‌كارییه‌كانی بنكه‌كانی ده‌نگدان له شاری كۆیه هاتنه ده‌نگ و له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیان له شاره‌كه ئاشكرا كرد.
چوار لایه‌نه‌كه ده‌ڵێن: "له كۆیه به وڵاتینامه (جنسیه)ـی ساخته ده‌نگدراوه‌و له چه‌ندین بنكه‌ش ته‌نها به ناسنامه‌ی باری شارستانی ده‌نگدراوه كه پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كه‌ی كۆمسیۆنه.
نوێنه‌رانی هه‌ر یه‌كه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێن: "كۆیه كراوه‌ته سه‌ربازگه و پڕ بنكه‌كان بووه له به‌رپرسی ئه‌منی و حزبی و فشاریان بۆ سه‌ر ده‌نگده‌ران درووستكردووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵین: "پرۆسه‌ی ده‌نگدان له قه‌زای كۆیه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و له كۆمسیۆن سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین، به‌ڵام له چه‌ندین بنكه فۆڕمی سكاڵا ناده‌نه نوێنه‌ری لایه‌نه سیاسییه‌كان، له كاتێكدا پێشێلكاری و ساخته‌كارییه‌كان له‌لایه‌ن نوێنه‌ره‌كانمانه‌وه تۆماركراوون".
پێشتریش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی هه‌ولێری كۆمسیۆن به كوردستان 24 راگه‌یاند: "ره‌وشی كۆیه خه‌ریكه له كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت و ئه‌گه‌ری هه‌یه ده‌نگه‌كان پوچه‌ڵ بكرێنه‌وه".