ژمارەیەك ھەڵسوڕاوی گۆڕان لە حزبەكەیان ھاتنەدەنگ

داوای دەست لەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن دەكەن

K24 - ھەولێر

دوای ئاشكراكردنی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە بەپێی ئەنجامەكان دەنگەكانی گۆڕان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، زۆرێك لە ھەڵسوڕاو و ئەندامانی ئەو حزبە ناڕەزایەتیان دەربڕیووە و داوای دەست لەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن دەكەن.

عەبدوڵڵای مەلا نوری، ھەڵسوڕای گۆڕان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازان بکەن و ئیستیقالە بکەن".

داواش لە ھەڵسوراو و ئەندامانی گۆڕان دەكات: "پشتیوانمان بن بۆ راستەرێکردنەوەی گۆڕان، بۆ دەوڵەمەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەی کە پێشتر لە لایەن هەڵسوڕاوانی گۆڕانەوە پێشکەشكرا".

ھەروەھا فایەق فارس، ناسراو بە فایەق سەرچناری نوسیویەتی: "هەتا ئەم برادەرانەی خانەی راپەڕاندن مانەوەیان درێژە پێبدەن یا هەندێ لەو بەرپرسانەی ژوورەکان کە لەسەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەکەوە دەستیان بەسەر پۆستدا گرتووە، ئاڵوگۆڕیان پێ نەکرێ، ئەوا لەشکست زیاتر چاوەڕێی هیچ مەکەن، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێ گەنج لە ژنان و پیاوانی بوێرو ئازامان هەن شایستەی ئەو جێگایانەن. ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان پەلە نەکا، ئەوا دڵنیاتان ئەکەم تووشی شکستی زیاتر ئەبێتەوە. ئەم شکستانە گۆڕانخوازان بەرپرسیارنین لێی ئەوە ئێوەن بەرپرسیار. خانەی بەڕێکردن".