كوردستان24 ورده‌كارى رێككه‌وتنى پارتى و يه‌كێتى ئاشكرا ده‌كات
هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن، يه‌كێتى كانديدى خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمار بكێشێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
دواى 24 كاتژمێر گفتوگۆى چڕى نێوان هه‌ردوو شاندى پارتى و يه‌كێتى له به‌غدا، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن، يه‌كێتى كانديدى خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمار بكێشێته‌وه و له به‌رامبه‌ردا كورد به يه‌ك كانديد بچێته هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه.
سه‌رچاوه‌يه‌كى ئاگادار له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق تايبه‌ت به كوردستان24 رايگه‌ياند، به گوێره‌ى رێككه‌وتنى هه‌ردوولا فوئاد حوسێن وه‌ك كانديدى كورد ده‌چووه هۆڵى په‌رله‌مان و به‌رهه‌م ساڵح له كێبڕكێى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى كۆمار ده‌كشايه‌وه.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كان پارتى رازى بوو، به‌شێكى به‌رچاوى ئيستحقاقى هه‌ڵبژاردنى خۆى و پۆسته سيادييه‌كانى ديكه‌ى حكومه‌ت بداته يه‌كێتى له به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح له كێبڕكێى پۆستى سه‌رۆكى كۆمار.
دواى رێككه‌وتنه‌كه، زانيارى ئه‌وه به‌رده‌ست كه‌وتوون، كه يه‌كێتى پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه له رێككه‌وتنه‌كه و داوايكردووه، پۆستى سه‌رۆكى كۆمار په‌نجا به په‌نجا دابه‌ش بكرێت و دوو ساڵ بۆ پارتى و دوو ساڵ بۆ يه‌كێتى بێت.
په‌شيمانبوونه‌وه‌ى يه‌كێتى له كاتێكدا بوو، كه پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمارى عێراق ده‌ستيپێكردووه.
سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، محه‌ممه‌د حه‌لبووسى رايگه‌ياند، له دانيشتنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى كۆمارى عێراق 297 په‌رله‌مانتار ئاماده‌ن و دواى سوێندخواردنى په‌رله‌مانتارانى گۆڕان پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى كۆمارى عێراق ده‌ستيپێكرد.