ئه‌مه‌ریكا خوازیاره‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان به‌خێرایی پێكبھێنرێت

ئه‌مه‌ریكا خوازیاره‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان به‌خێرایی پێكبھێنرێت

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 30/9/2018 رایگه‌یاند" پیرۆزبایی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و هانیان ده‌ده‌ین به‌ خێرایی حكوومه‌تی نوێ پێكبهێنن".

هیزه‌رت ناوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی و له‌ وه‌ڵامی كوردستان 24 دا گووتی: "پیرۆزباییان لێده‌كه‌ین و پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌موو شوێنێك گرنگه‌".

هه‌روه‌ها گووتی: "هانیان ده‌ده‌ین به‌ خێرایی حكوومه‌تی نوێ پێكبهێنن".

هێزه‌ر ناوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ وه‌ڵامی په‌یامنێری كوردستان 24 دا گووتی: "پیرۆزبایی له‌ گه‌لی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌كه‌ین كه‌ به‌شداریان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و پڕۆسه‌ی ده‌نگدان خاڵێكی گرنگی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كی دیموكراسیانه‌یه‌ و ئێستاش چاوه‌ڕێی راگه‌یاندنی فه‌رمی ئه‌نجامه‌كان ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی ئاگادارم هێشتا رانه‌گه‌یاندراوه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ین و هانی پێكهێنانی حكومه‌تێكی خێرا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ین".

به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌ نافه‌رمییه‌كان، له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان توانیوویه‌تی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌ به‌ كوردستان 24 رایگه‌یاند: "چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن له‌ 42 تا 44 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن".